بەندیخانەی ورمێ؛ سزای لەسێدارەدانی فەرزاد سوبحانی جێبەجێ کرا
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی منداڵ-تاوانبار بە ناوی «فەرزاد سوبحانی» خەڵکی نەغەدە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قیساسی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، ئەم بەندکراوە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی لە بەندیخانەی نەغەدەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ گوازرابووەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: ئەم بەندکراوە سێ ساڵ پێش لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەسبەسەر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە هەمان تۆمەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
فەرزاد سوبحانی کوڕی فەرحان و خەڵکی ئاوایی «گردەقیت»ی سەر بە شاری نەغەدەیە.
تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێرانییەوە ڕانەگەیەندراوە.