بۆجنوورد؛ ئەمیرمێهدی نەعیمیفەر، وەرزشوانی دەسبەسەرکراوی بەفرانبار و لاوی کوردی کرمانج بە زیندان و سزای نەختی مەحکووم کرا
٦ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «ئەمیرمێهدی نەعیمیفەر»، لاوی ۱۸ ساڵەی کوردی کورمانج، وەرزشوان و لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴، بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، لەلایەن دادگای تایبەتی تاوانەکانی شارستانی بۆجنووردەوە بە ساڵێک و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و ۵۰ ملیۆن تەمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «ئەمیرمێهدی نەعیمیفەر»، لاوی ۱۸ ساڵانی کوردی کرمانج، وەرزشوانی بوارەکانی بۆکس و فووتباڵ و خەڵکی بۆجنوورد لە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنەکانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی یەکی پووشپەڕی۱۴۰۵ بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، لەلایەن لقی چواری دادگای تایبەتی تاوانەکانی شارستانی بۆجنووردەوە بە تۆمەتەکانی «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی» و «سەرپێچی لە فەرمانی مەئمووران» بە ساڵێک و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و ۵۰ ملیۆن تەمەن سزای نەختی مەحکووم کراوە.
ئەمیرمێهدی نەعیمیفەر ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباری ۱۴۰۴، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو دوای سێ حەفتە لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم لاوە کوردە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. هەروەها لە هەموو قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەشیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.