بۆکان؛ ڕاگواستنی مه‌نسوور قادرزاده‌، یووسف ئه‌مینی و عه‌لی شوکری بۆ بەندیخانە و دیاریکردنی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بۆ ئازادکردنی کاتییان

10:26 - 9 پووشپەڕ 2726

٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی سێ هاووڵاتیی کورد و چالاکوانی کولتووریی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "مەنسوور قادرزادە"، "یووسف ئەمینی" و "عه‌لی شوکری"، دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە لێیان لە شوێنێکی نادیار لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکاندا، بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزران و بۆ ئازادکردنی کاتییان داوای بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، "مەنسوور قادرزادە"، "یووسف ئەمینی" مامۆستای خانەنشینکراو و "عه‌لی شوکری" چالاکوانی کولتووری، بە ڕیز، دوای تێپەڕبوونی ١٩ ڕۆژ، ١٦ ڕۆژ و ١٣ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و لێکۆڵینەوە لێیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە شوێنێکی نادیاردا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ڕاگوێزراون و بۆ ئازادکردنی کاتیی هەر کامێکیان داوای بارمتەی دوو میلیارد تمەنی کراوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاووڵاتییە کوردانە کراون لەبەر دەستدا نییە و ئەوان لە ماوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥، "مەنسوور قادرزادە"ی تەمەن ٤٣ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "قاڵوێی زیندان" لە ناوچەی مەهاباد و دانیشتووی گەڕەکی "میراوا"ی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئێوارەی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، کاتژمێر ١١ی شەو، "یووسف ئەمینی" مامۆستای خانەنشینکراوی تەمەن ٥٠ ساڵانی خەڵکی "عەلیاوا"ی بۆکان، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لە ڕێوڕەسمێکی شاییدا، بەهۆی ئەوەی هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک کەسی تر جلی کوردیی هاوڕەنگی لەبەر کردبوو، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، "عه‌لی شوکری" چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی بۆکان، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی بەبێ خستنەڕووی بڕیاری دادوەری دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.