بۆکان؛ عەلی زوڵفی، وێنەگر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

22:00 - 7 پووشپەڕ 2726

٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ "عەلی زوڵفی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، وێنەگر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کـوردپای ڕاگەیاند؛ بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، "عەلی زوڵفی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، وێنەگر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دووکانی وێنەگرییەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیەدا، بەبێ خستنەڕووی بەڵگەنامە یان بڕیاری یاسایی دەستیان بەسەر ماشینی کەسیی ناوبراویشدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

عەلی زوڵفی پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی هەیە؛

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئەم دەسبەسەرکردنەدا، شووشەی دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەشیان شکاندبوو. ئەو دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرایەوە و لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٩دا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرا. عەلی زوڵفی لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠دا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە چوار مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکردنی داسەپاو سزا درا. ئەو لە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرایەوە و لە کۆتاییدا لە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ لە بەندیخانە ئازاد کرا.