بەندیخانەی ورمێ؛ زیاتر لە ٢ حەفتە دەسبەسەرکرانی کازیوە پەرویزنیا و بەردەوامیی نادیاریی دۆخی سەرەڕای کردنەوەی دۆسییە
٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ "کازیوە پەرویزنیا"، ژنی لاوی خەڵکی مەهاباد کە زیاتر لە دوو حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، دوای گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار و کردنەوەی دۆسییە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە و لە کاتێکدا کە هێشتا چارەنووسی ناڕوونە، دەسبەسەر ماوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کـوردپای ڕاگەیاند؛ "کازیوە پەرویزنیا" زیاتر لە دوو حەفتە لەمەوبەر (پێدەچێت ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، پاش کردنەوەی دۆسییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە و هێشتاش دەسبەسەرە.
ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە وردەکارییەکانی دەسبەسەرکردنی کازیوە پەرویزنیا وتی؛ هێزە ئەمنییەکان بەبێ خستنەڕووی بڕیاری دادوەری و بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو لە ماڵەوە نەبووە، یەکێک لە کەسە نزیکەکانیان لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کردووە.
دوابەدوای ئەوە، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری ڕادەستکردنی کازیوە پەرویزنیا، کەسە دەسبەسەرکراوەکە ئازاد دەکرێت. لە درێژەدا، کازیوە پەرویزنیا بە سەردانیکردنی ئیدارەی ئیتلاعات، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان ناوبراویان بە تۆمەتی تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو لە مەهاباد دەسبەسەر کردووە. ئەو دوای لێکۆڵینەوە لە شوێنێکی نادیار، دوای کردنەوەی دۆسییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.
کازیوە پەرویزنیا لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.