سەقز؛ ژن و پیاوێکی لاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

17:32 - 7 پووشپەڕ 2726

٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی لاو بە ناوی «چیمەن عەلی‌محەممەدی» و پیاوێکی لاو بە ناوی «شۆڕش کەریمی» خەڵکی سەقز، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ «چیمەن عەلی‌محەممەدی» خێزاندار و دایکی ٢ منداڵ، هەروەها «شۆڕش کەریمی» خێزاندار، لە ڕێگەی خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. تاکوو ئێستا لە هۆکارەکانی خۆکوژیی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەرزبوونەوەی ئاماری خۆکوژی لە ئێراندا لە ئێستادا بەهۆی تێکەڵبوونی ئاڵۆزی قەیرانە پێکهاتەیییەکانەوەیە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ تێکەڵەیەک لە هۆکارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان؛ لەوانە گوشاری توندی بژێوی، بێکاری و هەڵاوسان، زیادبوونی بێهیوایی بەرنمبەر بە داهاتوو بەتایبەت لە نێوان لاواندا، تەشەنەسەندنی خەمۆکی و تێکچوونە دەروونییەکان بەهۆی سترێسە درێژخایەنەکانەوە، لاوازیی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی ڕاوێژکاری و چارەسەری دەروونی، و هەروەها کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک تەڵاق و توندوتیژیی خێزانی کە لە کۆیدا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی دەروونیی کەسەکان و ئەم دیاردەیە لە ئێستادا وەک ئالەنگارییەکی جیددیی تەندروستیی دەروونی و قەیرانێکی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا ئەژمار دەکرێت.

ژنکوژی و خۆکوژی لە کوردستان؛ دەرئەنجامی تێکەڵاوبوونی جیاکاریی پێکهاتەیی، سڕینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕوانینی ئەمنیی حکوومەت؛ بە وتەی ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا؛ ژنکوژی و خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی زۆر تێکەڵاوە لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسی کە بەهۆی خستنە پەراوێز و بە دواکەوتووهێشتنەوەی کوردستان لەلایەن حکوومەتەوە، دەرفەت و گەشە و بزووتنی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی لە مرۆڤەکان زەوت دەکرێت و لەم بارودۆخەدا مرۆڤەکان پەروەردە و هۆشیاریی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان پەیدا ناکەن.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەت لە ڕاستای ڕوانینی ئەمنی و دژبەرانە (ئەویتربینی) بۆ کوردستان، هەوڵ دەدات زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وەک کولتوورێکی زاتی-ناوخۆیی نیشان بدات و بڵێت کێشەکە لە کولتووری کوردەکان خۆیاندایە، لە کاتێکدا کولتوور بابەتێکی تەواو گۆڕاوە و لە وڵاتە ئاسایییەکاندا بودجەیەکی زۆر بۆ بەرزکردنەوەی تەرخان دەکرێت.

ئەم خوێندنەوەیە بە واتای ئینکارکردنی نەریتە چەوتەکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا نییە و لە ساڵانی ڕابردوودا چالاکوانانی ژن و چالاکوانانی یەکسانیی ڕەگەزی/جێندەری بە دەستی خاڵی جیددیترین ڕۆڵیان لە دژایەتیکردنی ژنکوژی و خۆکوژی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە و لەپێناو خەمخۆرکردنی کۆمەڵگە و وەلانانی نەریتە چەوتەکان و پیاوسالاری هاتوونەتە مەیدان؛ سەرەڕای ئەوەی لەم ڕێگەیەدا دەسبەسەر کراون و زۆربەی ئەنجومەنە پێوەندیدارەکانی ژنان مۆڵەتەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە یان مۆڵەتەکانی دیکەیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە.

چالاکوانان، میدیا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤیش نەک هەر هەواڵەکانی ژنکوژی و خۆکوژییەکانیان نەشاردووەتەوە، بەڵکوو بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خەمخۆرکردنی ڕای گشتی، هەوڵیان داوە دەست بخەنە سەر زیانە کۆمەڵایەتییەکان و بیکەن بە بابەتێکی گشتی.

بابەتێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە خودی قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژی، قوربانییەکی بێدەنگ و ناچالاک نین، بەڵکوو ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا شایەتی خۆکوژی و ئەو ژنانە بووین کە کوژراون و لە ئەنجامی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە توندوتیژی، نەریتەکان و جیاکارییەکان گیانیان لەدەست داوە.

شایانی باسە، ئەم نووسینە بۆ هێنانەئارای ئاڵۆزیی زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و تێکەڵاوبوونی پێکهاتەکانە لەگەڵیدا، چونکە خوێندنەوەی یەک لایەنە بۆ بابەتەکە تەواو هەڵەیە.