سنە؛ گۆڕینی حوکمی گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەری دادگا و چالاکی مافی ژنان، بۆ پێبەندی ئێلێکترۆنی

12:24 - 5 پووشپەڕ 2726

٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ گوڵاڵه وەتەندووست، پارێزەری دادگا، چالاکی مافی ژنان، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، دوای ئەوەی لە حەفتەکانی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ناساند، بە بڕیاری دادگا درێژەی ماوەی حوکمەکەی بە پێبەندی ئێلێکترۆنی تێدەپەڕێنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ کۆتاییەکانی جۆزەردانی ١٤٠٥، حوکمی جێبەجێکردنی زیندانییەکەی گوڵاڵە گۆڕدراوە بۆ پێبەندی ئێلێکترۆنی و ناوبراو دوای ئازادبوونی لە زیندان، بە پێبەندی ئێلێکترۆنییەوە گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە مەریوان. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، گوڵاڵە وەتەندووست لە تەواوی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیدا، خۆی ڕاستەوخۆ پارێزەری خۆی لە ئەستۆ بووە و چەندین جاریش ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە ڕێژەی سزای دیاریکراو دەربڕیوە، بەڵام حوکمە دەرکراوەکە چوارچێوەکەی نەگۆڕدراوە.

پێشتر کوردپا لە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٢دا بڵاوی کردبووەوە کە گوڵاڵە وەتەندووست بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراوە. بەم حاڵەشەوە، تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەم حوکمە لە چ قۆناغێک و بە چ ڕێکارێک بۆ زیندانیی داسەپاو گۆڕدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پێشووی کوردپا، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی"، گوڵاڵە وەتەندووستی بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی پێکهێنان یان بەڕێوەبردنی گرووپ و دەستەکان"، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "پوڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی ڕەشکردنی دۆخەکە" بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ زیندان مەحکووم کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا ڕایگەیاند کە حوکمی شەش ساڵ و حەوت مانگ و ٢٠ ڕۆژ زیندانی داسەپاوی ئەم پارێزەرە لە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە. ناوبراو لە بەشی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم زیندانە، کە شوێنی ڕاگرتنی زیندانییانی ژنە، دەستپێکی ماوەی زیندانییەکەی بەسەر بردووە.

گوڵاڵە وەتەندووست لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا. ئەو دوای ١٦ ڕۆژ دەسبەسەرکران، لە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکەی مافی ژنان پێش ئەوەش لە ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩دا بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک لەپێناو داکۆکیکردن لە مافی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگهێشت کرابوو و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرابوو.

گوڵاڵە وەتەندووست ساڵانێکی زۆر لە بواری پارێزەریی دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە "کوشتنی ژنان" و "توندوتیژی دژی ژنان" چالاک بوو. بەڵام دوای دەسبەسەرکردن و دەرچوونی حوکمی دادگا، دەرفەتی بەردەوامبوونی لە پارێزەریکردن لەم دۆسییانەدا لەدەست دا.

ئەو هەروەها نووسەری چەندین وتار لە بواری مافی ژناندا بووە و لە بواری بابەتەکانی ژنان و جیاکارییە ڕەگەزییەکاندا چالاکیی یاسایی هەبووە. لەوانە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کوردپا لەژێر ناوی "ژنان هێزی کاری هەرزان لە گفتوگۆ لەگەڵ گوڵاڵە وەتەندووست" لێرەدا بخوێننەوە.