بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی یووسف ئەمینی، مامۆستای خانەنشینکراو و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

09:30 - 24 جۆزەردان 2726

٢٤ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ "یووسف ئەمینی"، مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵكی گەڕەکی "عەلیاوا"ی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بەشێوەی سەرەڕۆیانە و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: شەوی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، کاتژمێر ١١ی شەو، "یووسف ئەمینی" مامۆستای خانەنشینکراوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی "عەلیاوا"ی بۆکان، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێوڕەسمێکی شاییدا، بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردیی یەکڕەنگ لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی دیکە، دەسبەسەر کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی "یووسف ئەمینی" زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.