کرماشان؛ بێبەریکرانی ئومید چراغی لە دەسپێڕاگەیشتنی پزیشکی، بە هۆی دژایەتی لەگەڵ ئازادیی مەرجدار و پێبەندی ٣٠٠ میتری

17:28 - 23 جۆزەردان 2726

۲۳ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ "ئومید چراغی"، بەندکراوی سیاسیی مەحکوم بە ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە پێبەندی ئێلکترۆنیکییەوە لە بندیخانە ئازاد کراوە، سەرەڕای هەبوونی کیشەی دڵ و پێویستیی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی، بە هۆی بێبەریکران لە هاتوچۆی ٣٠٠ میتری بە هۆی پێبەندەکەیەوە و دژایەتیی دادوەر لەگەڵ ئازادیی مەرجدار، لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەیی و دۆخی نامرۆڤانەی سەرچاوەگرتوو لە دەستڕانەگەیشتن بە چارەسەری پزیشکیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ئومید چراغی پاش دەسبەسەرکران، زیاتر لە ٢ ساڵ بە بێ تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی یان ئازادیی کاتی لە بەنددا بووە و نزیکەی یەک مانگ پێش بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە بەندیخانە ئازاد کراوە. ناوبراو کێشەی دڵی هەیە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی پێیە ناتوانێ زیاتر لە ٣٠٠ میتر لە ماڵەکەی خۆی دوور بکەوێتەوە، دۆخی جەستەیی ناوبراو ناجێگیرە و بۆ درێژەدان بە ژیان لە دەرەوەی بەندیخانە لە دۆخی نامرۆییدایە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ناوبراو داوای ئازادیی مەرجداری کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە یەکەمین دەسبەسەرکرانییە، دادوەری لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشان "وەلی محەمەمدی" بە شێوەی بەئەنقەست و بە ئامانجی گوشارهێنانی زیاتر و سەپاندنی ئازار بە هۆی کێشەی دڵییەوە بە بێ ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی پزیشکی، دژایەتیی لەگەڵ ئازادییە مەرجدارەکەی کردووە.

ئومید چراغی کە پێشتر ئەندامی ئاشکرای یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو و بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕابووەوە ئێران، پاش گەڕانەوە لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لەلایەن هێزە ئەەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.  ناوبراو پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی کرماشانەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

بەپێی زانیارییەکان و یەکێک لە بەڵگەکانی دادگای ناوبراو کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە؛ ئومید چراغی سەرەتا لە سەرەتاکانی ساڵی ١٤٠٣دا لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە پشتبەستن بە سکاڵای جێگری دادستانی کرماشان، بە تۆمەتەکانی "بەڕێوەبردنی دەستە و گرووپ بە ئامانجی تێکدانی تەناهیی وڵات"، "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا.

پاش ناڕەازیەتیی ناوبراو بە بڕیارەکە، کۆبوونەوەی پێداچوونەوە لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا بەڕێوە چوو و لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "وەلی محەممەدی" حوکمەکەی بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو کەم کردەوە. ئەم حوکمە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لە بەندیخانەی ناوەندیی دێزڵاوای کرماشان بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.