بەندیخانەی نەغەدە؛ تەیب عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار بۆ ١٠ ڕۆژ نێردرایە مورەخەسی
۲۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "تەیب عەبدوڵڵاپوور"، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "شیناوێ"ی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ ، بۆ ١٠ ڕۆژ لە بەندیخانەی نەغەدەوە نێردرایە مورەخەسی. ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش کۆتاییهاتنی ماوەی مورەخەسییەکەی لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا دەگەڕێتەوە بەندیخانەی نەغەدە.
ئەم هاووڵاتییە لە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی ٢٠ مانگ بەندکران، خۆی بە بەندیخانەی نەغەدە ناساندبوو.
بەپێی بەڵگەی دادنامەیەک کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، "تەیب عەبدوڵڵاپوور" لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەرەکان "سەجاد دووستی" و "غوڵام کەریمخانی" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٣٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا. بە پشتبەستن بە بڕگەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزا دەبێ جێبەجێ بکرێ و بە سەرنجدان بە خێزانداربوونی ناوبراو و هەبوونی دوو منداڵ و دۆخی ڕۆحی و دەروونییەکەی، بەپێی بەندی "ب"ی بڕگەی ٣٧ی یاسای سزای ئیسلامی، ٢٠ مانگ بەندکرانی بۆ جێبەجێ دەکرێ. ناوبراو هەروەها لە تۆمەتی "کۆبوونەوە و کەینوبەین" دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بێتاوان ناسراوە.
تەیب عەبدوڵڵاپوور سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.