کامێران؛ ٣٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیبراهیم ڕۆستەمی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی سنە

21:21 - 22 رێبەندان 2725

٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەربوونی ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئیبراهیم ڕۆستەمی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران و باوکی دوو کچ، ناوبراو لە چوارەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ئەشکەنجە و گوشاری زۆر لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە و دەسپێکی مانگرتن لە خواردنی خۆی کردووە و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "ئیبراهیم ڕۆستەمی"، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی بەدواوە بووە.