میاندواو؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەنوەر چووپانی لاوی ٣٦ ساڵانی کورد و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی خەڵكی کوردستان، "ئەنوەر چووپانی" هاووڵاتیی ٣٦ ساڵانی کوردی خەڵکی گوندی "خانکەندی" سەر بە میاندواو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
"سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەنوەر چووپانی" لاوی ٣٦ ساڵانی کوردی خەڵکی گوندی "خانکەندی" سەر بە میاندواو، سەرلەبەینیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، کاتژمێر ٣ی نیوەشەو بە هێرشی توندوتیژی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.