تاران؛ عەلی‌ئەشرەف پەرتەوەی، هاووڵاتیی ٤٠ ساڵانی کوردی کرماشانی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار

23:08 - 20 رێبەندان 2725

٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "عەلی‌ئەشرەف پەرتەوەی"، هاووڵاتیی ٤٠ ساڵانی کوردی کرماشانی و دانیشتووی تاران، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە سەتارخانی تارانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "عەلی‌ئەشرەف پەرتەوەی" لە پاڵ ماشینەەکەی خۆیدا کراوەتە ئامانج. فیشەک لە لای ڕاستی داوە و لەژێر باخەڵییەوە لە لای چەپەوە دەرچووە. تەرمی ئەم گیانلەدەستداوە لە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی "ئیمامزادە محەممەدتەقی"ی ڕۆبات کەریم بە خاک سپێردراوە.

"عەلی ئەشرەف پەرتەوەی" کارمەندی بانکی سێپەهـ بووە و پاش کۆتاییهاتنی کاتی کارەکەی، موسافرکەشیی کردووە. ناوبراو لە ئاخرین پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا وتبووی کە موسافری دۆزیەوەتەوە و خەریکی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیە.

ناوبراو تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە، دوو منداڵ (کچێکی ١١ ساڵان و کوڕێکی ٩ ساڵان)ی هەبووە. "عەلی ئەشرەف پەرتەوەی"، بە ڕەچەڵەک کوردی کرماشانە و دانیشتووی ڕۆبات کەریمی تاران بووە.