سنە؛ عەزیزە مورادیان پاش ٧٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی رێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەزیزە مورادیان" تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی مەریوان، پاش ٧٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.
ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە نیشانەی ناڕەیەتیدەربڕین بە بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە، مانی لە خواردن گرت.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرد و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەیان ڕاگواست.
هەروەها مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم ژنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەم هاووڵاتییە دوو منداڵی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ژنە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.