بەندیخانەی بۆجنوورد؛ ١٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عادڵ ڕەئیس قەنەواتی

22:34 - 19 رێبەندان 2725

١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "عادڵ ڕەئیس قەنەواتی" هاووڵاتیی کوردی کرمانجی خەڵکی "ئاشخانە" سەر بە پارێزگای خوراسان، ناوبراو لە دۆخێکی ناڕووندا لە دابڕگەی بەندیخانەی بۆجنوورد ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "عادڵ ڕەئیس قەنەواتی" ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش ماوەیەک پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت و ئەوانی لە دەسبەسەرکرانی خۆی ئاگادار کردەوە و وتی کە دابڕگەی بەندیخانەی بۆجنوورد ڕاگیراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان تاکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە دۆخی دۆسییەکەی یان ئەگەری ئازادکردنی کاتیشی نەداوە.