کرماشان؛ یەک حەفتە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی شەهاب نادری، لاوی ٢٧ ساڵان

20:06 - 18 رێبەندان 2725

١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "شەهاب نادری"، لاوی ٢٧ ساڵانی کووردی خەڵکی گەڕيکی "دەرەدرێژ"ی کرماشان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەمەڕ دۆخی گیانی و چارەنووسی ناوبراو زۆر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "شەهاب نادری" لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تاکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوە یان وڵامێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم لاوە نەدراوە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی زۆر کردووە. "شەهاب نادری" لە ماوەی یەک حەفتە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا بە تەواوەتی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و درێژەی ئەم ناڕوونییە ڕەهایەی چارەنووسی، نیگەرانییەکانی لەمەڕ گیان و چارەنووسی لای بنەماڵە و نزیکەکانی زۆر کردووە.