بۆجنوورد؛ یەک مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی عارف خانزادە، مێرمنداڵی ١٧ ساڵان

19:54 - 18 رێبەندان 2725

١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "عارف خانزادە"، مێرمنداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی بۆجنوورد، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەمەڕ دۆخی گیانی و چارەنووسی ناوبراو زۆر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "عارف خانزادە" لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تاکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوە یان وڵامێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم مێرمنداڵە نەدراوە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی زۆر کردووە. "عارف خانزادە" لە ماوەی یەک مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا بە تەواوەتی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و درێژەی ئەم ناڕوونییە ڕەهایەی چارەنووسی، نیگەرانییەکانی لەمەڕ گیان و چارەنووسی لای بنەماڵە و نزیکەکانی زۆر کردووە.