ورمێ؛ ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بۆ جاری سێیەم بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لە سێدارەدران سزا درا

19:33 - 18 رێبەندان 2725

١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ سەرەڕای هەڵوەشانەوەی دوو جاری پێشووی حوکمەکەی لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات بۆ جاری سێیەم لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، بە لەسێدارەدران سزا درا.

ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بەفەرمی بە پارێزەرەکانی ئەم بەندکراوە ڕاگەیەندرا.

سیداد شێرزاد، یەکێک لە پارێزەرەکانی دۆسییەی ئەم بەندکراوە کوردە لەمبارەوە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: "لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ سەرەڕای دوو جار هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە، بۆ جاری سێهەم حوکمی سێدارەی بۆ ناسر بەکرزادە دەر کردووە و ڕۆژی سێشەممە بە من و هاوکارەکانم (ئەمیر ڕەئیسیان و نیهاد ئێراندووست ) ڕاگەیەندرا. دەرچوونی ئەم حوکمە لە کاتێکدایە کە لە دادنامەی سێیەم سێدارەدا، هەندێ کێشە هەیە و لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ سەرنجی نەداون.  پێش لەمەش دادوەرەکانی دیوانی باڵای وڵات لە دوو حوکمی جیاوازدا و بە هۆکاری جۆراوجۆر، سیخوڕی بۆ ئیسرائیلیان ڕەت کردەوە و حوکمی سێدارەکەیان هەڵوەشاندەوە.

١٠ ی خەزەڵوەری ١٤٠٤؛ سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دیسانەوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتن ڕادەستی دادگای ئینقلابی ورمێ کرایەوە.

بەکرزادە، ماوەیەک پێش بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بۆ جاری دووهەم، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە لە قۆناغی کۆتایی داواکاریدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.

لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناسر بەکرزادە لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە دادگای ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵە، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.