کامێران؛ زیاتر لە یەک مانگ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی پەیمان ڕەحمانی

17:11 - 28 رێبەندان 2725

۲۶ ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "پەیمان ڕەحمانی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لەمەڕ دۆخی ناوبراو زۆر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "پەیمان ڕەحمانی" چەند ڕۆژ پاش ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کامێران، لەکتێکدا کە بە فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کرابوو، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە ڕۆژانی سەرەتاییدا، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە دەسبەسەرکرانی خۆی کردبوو. بەڵام لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و هەروەها بە هۆی برینداربوونی لە کاتی دەسبەسەرکراندا، لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکیش بێبەری کراوە.