بۆکان؛ ۵ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی پەرویز بەنگینی

17:02 - 28 رێبەندان 2725

۲۶ ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "پەرویز بەنگینی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا، هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "پەرویز بەنگینی" ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا. لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی، مۆبایلی خۆی و کەلوپەلی بنەماڵەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەروەها لە کاتی هێرشەکەدا، هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کەتوونەتە بەر هێرش و لێیان دراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها تاکوو ئێستا ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پێوەندیی تلفۆنیی و هەروەها خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری کراوە.