مەڵکشایی/ئیلام ؛ ٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوکتور ڕەزا خاسی
۲٥ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی دوکتور "ڕەزا خاسی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەڵکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لە پێوەندی لەگەڵ گیانی و چارەنووسیدا زۆر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ دوکتور "ڕەزا خاسی" هاووڵاتیی کوردی خەڵكی مەڵکشایی، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە بێ بەڵگەی یاسایی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.