کرماشان؛ ئیسماعیل عەباسی پائێمامی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٧ی بەفرانبار
٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ئیسماعیل عەباسی پائێمامی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشانە. ناوبراو ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دێزڵاوای کرماشان بە تەقەی زیاتر لە ١٦ فیشەکی ساچمەیی هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە سەر و ڕوخساری بەسەختی بریندار کرا و پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانەی "تاڵەقانی"ی کرماشان و یەک حەفتە خەوێندران لە بەشی چاوەدێریی تایبەت، لە ئاکامدا بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای وت کە تەرمی ناوبراو ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گۆڕستانی "تەپە ئەفشار" بە خاک سپێردرا. ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە توندی بنەماڵەی ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشار کە وەکوو ئەندامی "بەسیجی حکوومەتی" بیناسێنن، بەڵام بنەماڵەکەی ئەم داواکارییەیان ڕەت کردەوە.
ئیسماعیل عەباسی پائێمامی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١، خێزاندار و دوو منداڵی بچووکی بووە و خەریکی کاری توودووزیی ماشینی قورس بووە.