کامێران؛ ١٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی میلاد ئیبراهیمی

22:11 - 25 رێبەندان 2725

۲۴ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "میلاد ئیبراهیمی" لاوی کوردی خەڵکی کامێران، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو ماوەی چاکبوونەوەی پاش برینداربوون بە فیشەکی جەنگیی تێدەپەڕاند و بڕیار بوو دیسانەوە نەشتەرگەریی بۆ بکرێ. ئەمەش نیگەرانییەکان لەمەڕ دۆخی گیانی و چارەنووسی زۆر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراشتکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "میلاد ئیبراهیمی" وەرزشوان و ماساژۆری تەمەن ٣٠ ساڵانی خەڵكی کامێران، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە کامێران و بە فیشەکی جەنگیی هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بریندار کرابوو، لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە بێ بەڵگەی یاسایی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

لە کاتی دەسبەسەرکرانی ناوبراودا، براکەی "حامد ئیبراهیمی" کە ناڕەزایەتیی بە دەسبەسەرکردنی براکەی دەربڕیبوو، دەسبەسەر کراوە، بەڵام پاش شەش ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٦ میلیاردی ئازاد کراوە.

"میلاد ئیبراهیمی" شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کامێران بە تەقەی فیشەکی جەنگی لە نێوقەدی بریندار کرا و پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانەی سنە نەشتەرگەریی بۆ کرا. ناوبراو پاش برینداربوون و لە کاتێکدا لە ماوەی چاکبوونەوەی لە ماڵەوە تێدەپەڕاند و بڕیار بوو دیسانەوە بە هۆی هەوکردنی لەشی نەشتەرگەریی بۆ بکرێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم لاوە بریندارە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەری کراوە.