سەوڵاوا؛ زیاتر لە ٣ مانگ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی یاسر ئەدوایی

20:32 - 24 رێبەندان 2725

٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سەرەڕۆیانەی "یاسر ئەدوایی" لاوی کوردی خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە شاری سەوڵاوا، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی بەدواوە بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "یاسر ئەدوایی" ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، پاش بانگکران بۆ ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سەوڵاوا، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. ناوبراو لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

"یاسر ئەدوایی" پێشتر لە جۆزەردانی ١٣٩٩دا لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە پاییزی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لە ڕێگەی هاوکاریکردنی "یەکێک لە حیزبە کودستانییەکان"ـەوە بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ کەم کرایەوە. ناوبراو لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان کرا و پاش کۆتاییهاتنی ماوی حوکمەکەی ئازاد کرا.

باوکی یاسر ئەدوایی ساڵی ١٣٩٠ دەسبەسەر کرا و ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی مەریواندا تێپەڕاند. هەروەها براکەی بە ناوی "کەیۆمەرس ئەدوایی" پێشتر لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.