ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی فەرشاد سووری

07:11 - 23 خەزەڵوەر 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە کاتی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی فەرشاد سووری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی بالوو سەر بە ورمێ، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی؛ بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، فەرشاد سووری بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٤، جەواد سووری برای ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتەوە دەسبەسەر و پاش چوار ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی فەرشاد سووری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.