پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی ڕەحیم ڕەحمانی و ڕەئووف فەڕۆخی و ڕاگواستنیان بۆ شوێنی نادیار
 
            سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەحمانی" و "ڕەئووف فەڕۆخی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانە دەسەسبەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر دوو و نیوی شەو، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات لە کۆڵان و سەربانی ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە جێگیر بوون و بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان. لەم هەوڵەدا دەرگا و پەنجەرەیان شکاندووە و هەر دوو کەسەکەیان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون. هەروەها بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
ڕەحیم ڕەحمانی، تەمەنی ٣٥ ساڵە، خەڵکی گوندی "زەنگاوێ" و دانیشتووی پیرانشارە و سێ منداڵی هەیە.
 
                             
                             
                            