بەندیخانەی ئیلام؛ ١٣ ساڵ و شەش مانگ بەندکران بۆ چوار بەندکراوی سیاسیی کورد
 
            ٦ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴؛ دادگای کەیفەریی پارێزگای ئیلام چوار زندانیی سیاسیی خەڵکی ئاودانان به ناوەکانی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی، محەممەدئەمین دانیالیپوور و محەممەدحوسێن حاسڵیی لە یەک دۆسییەی نوێدا، به تۆمەتی «تێکدانی نەزمی گشتی، کۆبوونەوە دژی تەناهیی نێوخۆیی و دەرەکی و هەڵگرتنی چەک" سەرجەم بە ۱۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو و سزای نەختی مەحکووم کرد. ئەم کەسانە لە دادگای ئینقلابیشدا حوکمی قورسیان هەیە.
بەپێی حوکمی دەرچوو لەم دادگایە کە نموونەیەکی بە دەستی کوردپا گەیشتووە؛ ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی پارێزگای ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود کارگەر" و بە ڕاوێژکاریی "عادڵ بازیار" دەر چووە. بەپێی حوکمی دەرکراو هەرکام لە:
محەممەدحوسێن حاسڵی، ۲۲ ساڵ، کوڕی عەلیحوسێن و خەڵکی ئاودانان که لە ٥ی گەلاوێژی ۱۴۰۲ بەهۆی نەبوونی توانایی بۆ دابینکردنی بارمتە هێشتا دەسبەسەرە. ناوبراو بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی ڕاو، لێدان لە مەئمووری کەڵانتەریی ئاودانان و تێکشکاندنی ماشینی هیزی ئینتیزامی" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو بۆ لێدانی بەئەنقەست، شەش مانگ بەنددکرانی داسەپاو بۆ ڕاگرتنی چيک، پێبژاردنی ١٠٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بۆ تێکشکاندنی ماشین و دانی دیە و قەرەبوو (٤٪ی دیەی تەواو) مەحکووم کاوە.
وەحید چاوران، ۳۲ ساڵ، کوڕی یاوەر و خەڵکی ئاودانان لە ٤ی پووشپەڕی ۱۴۰۲ ـەوە دەسبەسەرە. ناوبراو بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەک" به پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. لەم حوکمەدا دادگا ئاماژە بە گیرۆدەبوونی ناوبراو بە « کێشەی کەسایەتیی سنووری و دژە کۆمەڵایەتی" هاتووە.
ناسر ڕەزایی، ۴۴ ساڵ، کوڕی سادق و خەڵکی ئاودانان که لە ٢ی جۆزردانەوە هەتا ۲۲ ی گەلاوێژی ۱۴۰۲ دەسبەسەر بووە و پاش ئازادیی کاتی بە بارمتە، لە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا هەمیسان دەسبەسەر کراوە، بە تۆمەتی "ڕاگرتنی دەمانچە" به پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. لەم حوکمەی دادگادا ئاماژە بە " کێشەی کەسایەتیی سنووری و دژەکۆمەڵایەتی" بوونی نابراو کراوە.
محەممەدئەمین دانیالیپوور، ۲۵ ساڵ، کوڕی نوورمحەممەد و خەڵکی ئاودانانیش بە هۆی "ڕاگرتنی ۲۱ فیشەکی شەڕی ۹ میلیمیتری» به دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. لە دۆسییەی ناوبراویشدا نشانهگەلێک لە "کێشەی کەسایەتیی دژە کۆمەڵایەتی" هاتووە.
پێویستە بوترێ کە ئەم کەسانە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەکەیاندا لە دستڕاگەیشتن به پارێزەر بێبەری کراون و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی دەسبەسەرکران و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانیان لە دادگادا نەیانتوانیوە پارێزەر بگرن و بەم هۆیەوە داداگا بەپێی ماددەی ٤٧ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، پارێزەری بۆ دیاری کردووەن کە لە بەڵگەکانی دادگادا ناوی پارێزەری ئەم چوار بەندکراوە "مێهدی مێهری" هاتووە.
ئەم دادگایە لە بڕیاری خۆیدا بە پشتبەستن بە تێبینیی بڕگەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکرانی داسەپاو و بە هۆی "بەشداریی تۆمەتباران لە کۆبوونەوەی نایاسایی، تەقەکردنی لە مەئموورەکان و تێکدانی نەزمی گشتی" سزاکەیان زیاتر لە ئاستی یاسایی دیاری کردووە.
هەروەها بڕیاری بەدواداچوونی دەرکراو لەلایەن دادگای ئینقلابی دێهلوڕانەوە لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا بەپێی دۆسییەی سکاڵای دوو کەس و ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعات بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم بەندکراوە سیاسییانە لە کاتی دەسبەسەرکراندا، لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونییدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بوون. بەم حاڵەوە دادگا لە بڕیارەکەی خۆیدا دانپێدانانی تۆمەتبارانی لای بەرپرسان وەک هۆکاری سەلماندنی تاوان لەژێر ناوی "زێدەڕۆیی" زانیوە.
لە بەشێک لە بڕیاری دادگادا، چوار بەندکراوی مەحکوومکراو بەنیسبەت هەندێ لە تۆمەتەکان لەوانە "دەستپێکردنی کوشتنی بەئەنقەست، نیشاندانی هێز بە چەک، بەشێک لە تێکدانی نەزمی گشتی، تێکدانی سامانی گشتی و هەڵگرتن و جێبەجێکردنی چەقۆ و پەنجەبۆکس" بێتاوان ناسران. هەروەها پێنج کەسی دیکە لە تۆمەتبارانی دۆسییەکە بە ناوەکانی "حوسێن عاشووری"، "فەرشاد ئائینی"، "عەزیم یادگاری"، "سەعدوڵڵا ئائینی" و "بەختیار محەممەدزاده"ش لە هەموو تۆمەتەکان بێتاوان ناسران.
بەپێی تێگەیشتنی دادگا هۆکاری بێتاوان ناسرانی ئەم چوار بەندکراوە بۆ "نەبوونی هۆکاری پێویست، دژبەیەکبوونی وتەکانی تۆمەتباران و پێشینەی پێڕاگەیشتن بە هەندێ سزا لە دادگای ئینقلاب" ناو بردراوە.
۱۴ ی بانەمەڕی ۱۴۰۴ کوردپا رایگەیاند؛ سێ بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاودانان، وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحوسێن حاسڵی که پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەرکام به ۱۲ ساڵ بەندکرانی  داسەپاو مەحکووم کرابوون، پاش دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە جۆزەردان هەتا گەلاوێژی ۱۴۰۲ و تێپەڕاندنی زیاتر لە ٨ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، بۆ بەندیخانەکانی زاهێدان، کرمان و مەشهەد دوور خرانەوە.
 محەممەد دانیالی، بەندکراوی سیاسیی کورد و چالاکی مەدەنیی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "بنار" لە ئاودانان کە لە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٢دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری دێهلوڕان دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی ٦٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ دا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا. ئەم چالاکە ٢٤ ساڵەیە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە هۆی بێڕێزی پێ کردن، تاشینی قژ و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە
 
                             
                             
                            