سەقز؛ دەسبەسەرکرانی هیوا حوسێنی و هادی ئیبراهیم‌پوور لە ناڕەزایەتی بە داگیرکردنی ڕێگە و زەوییەکانی دەوروبەری ڕێگای کانگای زێڕی "مێرگەنەخشینە"

06:18 - 8 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی یەکشەممه ٤ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴، دوابەدوای ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی گوندەکانی "وزمەڵە" و "سیارە" بە داگیرکردنی ڕێگا و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری ئەم گوندانە بۆ ڕێگای هاتوچۆی ماشینە قورسەکانی کانگای زێڕی "مێرگەنەخشینە"، هێزە حکوومەتی و نیزامییەکانی بنکەی "میرەدێ"ی سەقز لەگەڵ خەڵک دەرگیر بوون. لە ئاکامدا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "هیوا حوسێنی" کوڕی عومەر و خەڵکی گوندی "سیارە" و "هادی ئیبراهیم‌پوور" کوڕی ڕەشید و خەڵکی گوندی "وزمەڵە" لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، پاسەوانانی کانگاکان و ناوەندە پێوەندیدارەکان ویستوویانە ڕێگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری ئەو ڕێگایە، کە هی "عومەر سەید عەبەشە" و "کاکە ڕەشید" بووە داگیر بکەن و ڕێگاکە بۆ هاتوچۆی ماشینە قورسەکانی کانگای زیڕی "مێرگەنەخشینە" بۆ میاندواو هەموار بکەن. خەڵک سەرەتا بە نیسبەت هاتوچۆی ئەم ماشینانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە چونکە ڕێگا لاوەکییەکان کە ماشینەکان پێێدا دێن و دەچن، دەچووە نێو زەویی کشتوکاڵییەکانیان و ڕێگەی سەرەکیی هاتوچۆی ماشینەکانیش لە شوێنی تر دروست کرابوو. سەرەڕای ناڕەزایەتی و هەوڵی خاوەنەکان بۆ پاراستنی زەوییەکانیان، ماشینە قورسەکانی کانگاکە لە پشتەوەی گوندی "وزمەڵە" دەچنە نێو زەوییەکان؛ ڕێگایەک کە دەوترێ بڕیارە لە داهاتوودا قیرتاو بکرێ و تەنانەت بکرێتە پردش. خاوەنی زەوییەکان بە خستنەڕووی نەخشەی گوند و نیشاندانی تاپۆی خاوەندارەتی زەوییەکانیان، لە بەرانبەریاندا خۆڕاگری دەکەن بەڵام هێزە ئینتیزامییەکانی بنکەی "میرەدێ" دەستێوەردان دەکەن و لەگەڵ خەڵک دەرگیر دەبن و لە ئاکامدا دوو کەس دەسبەسەر دەکرێن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

کانگای زیڕی مێرگەنەخشینە لە ٤٣ کیلۆمیتریی ڕۆژاوای سەقز، لە کەمەربەندیی کانگای سنە_سیرجان هەڵکەوتووە و لە دەوڵەمەندترین شوێنە زێڕدارەکانی ئێران بەئەژمار دێت.

لەپاڵ کانگای مێرگەنەخشینەدا، کانگای دیکەش لە ناوچەی سەقزدا هەیە کە کاری دەرهێنانی زێڕ دەکەن. ئەم کانگایانە کانگای زیڕی قوڵقوڵە لە ٢٥ کیلۆمیتریی باکووری سەقز و  کانگای زێڕی قشڵاخ لە ٣٠ کیلۆمیتریی ڕۆژاوای سەقزن. ئەم کانگایانە لە کەمەربەندیی کانگای سنە _سیرجان هەڵکەوتوون و چالاکیەیکانیان بەرەوڕوو شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن خەڵک و دانیشتووان و چالاکانی ژینگە بووەتەوە.

پێشتر، کوردپا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لەژێر ناوی "معدن طلای قلقله سقز: پروژه‌ای امنیتی–اقتصادی زیر فرمان هلدینگ فاسد و تحریم‌شده شستا؛ جان و محیط‌زیست مردم فدای سود و قدرت حکومت" پەرژابووە سەر کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز. کانگای قوڵقوڵەی سەقز وەکوو هێمای سیاسەتی مەرگهێنەری حکوومەت ناسێندراوە؛ پرۆژەیەک کە گیان، تەندروستی و ژینگەی خەڵک تێێدا هیچ بایەخێکی نییە و هەموو گرینگییەکە بە دابینکردنی قازانج و پاشەکەوتی ستراتێژیک بۆ حکوومەت تەرخان کراوە.