کامێران؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی پەیام حوسێنی و سۆران موزەفەری، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە کامێران، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی "پەیام حوسێنی" و "سۆران موزەفەری" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. بە هەژمارکردنی ئەم دوو حاڵەتە، ژمارەی مێرمنداڵانی دەسبەسەرکراوی کامێران گەیشتە شەش کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی پەیام حوسێنی و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، سۆران موزەفەری کە نەخۆشیی شەکرەی هەیە لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گازرخانی" سەر بە شاری کامێران بە ناوەکانی "کاوان سەبووری" تەمەن ١٧ ساڵ، "ئێحسان سەبووری" تەمەن ١٧ ساڵ و "حیسام سەبووری" تەمەن ٢٨ ساڵ، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بە شێوەی توندوتیژانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران. حیسام سەبووری پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە بەڵام کاوان و ئێحسان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، "بێهرووز ڕەشیدی" خەڵکی گوندی "پاڵنگان" سەر بە شاری کامێران و "ئەوراز زەمانی" خەڵکی کامێران، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران. ئەم دوو مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە لە ماوەی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا تەنیا یەک پێوەندیی چەند چرکەیی تلفۆنی بە زمانی فارسییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە کە ئاماژەیان کردووە "باشین".
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم چوار مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە زانیارییەک دەست نەکەوتووە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.
پێویستە بوترێ کە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم شەش مێرمنداڵە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەموویان لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.