نامەی سەرئاوەڵای کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پاڵپشتیکردن لە مافی دەرمانی دەسبەجێ و پێویستی زەینەب جەلالیان، کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژن لە ئێراندا

15:05 - 26 خەرمانان 2725

ئێمەی واژۆکارانی ئەم نامەیە، وەکوو چالاکوانان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسیی پێشوو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، نیگەرانیی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین لە مەترسییەکانی سەر ژیان و تەندروستیی چالاکوانی مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان کە زیاتر لە ١٧ ساڵ لە ژیانی، واتە بەشی هەرەزۆری تەمەنی گەورەساڵیی خۆی، لە زینداندا تێ پەڕاندووە. زەینەب کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژنە لە ئێراندا و تاکە زیندانیی سیاسیی ژنیشە کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.

سەرباری هەموو نیگەرانییە جیدییەکان لە بەرانبەر تووشبوونی زەینەب بە چەندین نەخۆشیی قورس کە هەڕەشە لە ژیانی دەکەن، کاربەدەستانی ئێران بەردەوام ڕێگرییان کردووە لە دەستەبەرکردنی چاودێری و خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست و گونجاو بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە. ڕاپۆرتەکان نیشاندەری ئەوەن کە زەینەب گیرۆدەی نەخۆشییەکانی گورچیلە، کۆئەندامی هەرس و بینایی بووە. جیا لەمانە، لە جۆزەردانی ١٤٠٣وە (ژوەنی ٢٠٢٤) چەندەها جار لە لای گەدە و سکەوە تووشی ئازاری قورس بووە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، تووشی لانیکەم دە فیبرۆمی منداڵدان بووە و ئەمەیش بووەتە هۆی خوێنلێچوونی قورس و فراوانی. یەک لەو دەگمەن پزیشکانەی توانیویەتی ڤیزیت و پشکنینی پزیشکیی بۆ بکات، هۆشداریی داوە لەسەر ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی منداڵدان و پێدەچێ پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، بەڵام تا ئێستە هیچ جۆرە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی ورد و تێگەیشتنی یەکلاکەرەوە نەڕەخسێنراوە.

زەینەب دەبێ زۆر خێرا پشکنینی بۆ بکرێت، نەخۆشییەکانی دیاری بکرێن و خزمەتگوزاریی پێویست و گونجاوی بۆ دابین بکرێت تاکوو ڕێگری لە گورزی لەقەرەبوونەهاتوو بۆ سەر تەندروستی و کەرامەتی بکرێت.

چەندەها دامەزراوە و پسپۆڕی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار دەستبەسەرکردن و هەلومەرجی بەندکرانی زەینەبیان شەرمەزار کردووە. لە ١١ی گوڵانی ١٤٠٤دا (١ی مەیی ٢٠٢٥) نۆ ڕاپۆرتدەر و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دەستبەسەربوونی درێژخایەن و سەرەڕۆیانە و ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی و ئەشکەنجە و شێوەکانی تری مامەڵەی خراپ لە بەرانبەر زەینەب جەلالیاندا، نیگەرانیی قووڵ و جیدیی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان داوایان لە کاربەدەستانی ئێران کردبوو هەنگاوی خێرا و بەبێ مەرج هەڵبگرن بۆ دەستەبەرکردنی چاودێریی گونجاوی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی ناسەربازیی مەدەنی و سەربەخۆدا و هۆشدارییان دابوو کە «کاتەکە ئێجگار هەستیارە».

ئێستە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لەو بانگەوازە تێ دەپەڕێت، بەڵام ئێران هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە و دۆخی زەینەب تەنانەت خراپتریش بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، کاربەدەستانی ئێران لەباتیی دابینکردنی دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو، خستوویانەتە ژێر گوشارێکی زیاتریشەوە تاکوو لە بەرانبەر دەرمان یان ئازادکردنیدا «تۆبەنامە»یەک واژۆ بکات.

ئەم سەپاندنە بەشێکە لە سەرچەشنێکی بەربڵاوتر: دەسەڵاتدارانی ئێران دابینکردنی چاودێریی پزیشکی دەبەستنەوە بە بێدەنگبوونی سیاسی یان دەربڕینی پەشیمانییەوە. زەینەب بەرەنگاری هەموو ئەم گوشارانە بووەتەوە.

زەینەب ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) لە تەمەنی ٢٧ ساڵاندا لە ڕۆژئاوای ئێران (کوردستان) بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا. ئەو لە ساڵی ١٣٧٩وە (٢٠٠٠) لە کوردستانەکانی ئێران و ئێراق لە ڕێگای ڕاهێنان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییەوە چالاکیی بۆ ژنان دەکرد و لە چوارچێوەی بەشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاند (پەژاک) زۆر چالاکانە لە بواری مافەکانی ژناندا خەباتی دەکرد. یەک لە دوایین چالاکییەکانی پێش دەستگیربوونی، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی جیهانیی ژن لە ساڵی ١٣٨٧دا (٢٠٠٨)؛ ئەو سەردانی خوێندنگەیەکی کچانەی کامێرانی کرد و سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی ژن قسەی بۆ خوێندەڤانان کرد و گوڵی پێشکەش کردن.

دوای دەستبەسەرکردن خرایە بەر ئەشکەنجەوە. بۆ وێنە، لە کاتێکدا چاوبەند لە چاوانی درابوو پەلاماریان دا و بە سەختی ئەشکەنجەیان دەکرد، قامچییان لە ژێرقاچەکانی دەدا، هەڕەشەی دەستدرێژیکردنیان لێ دەکرد و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕایان گرت تاکوو ناچاری بکەن ئەندامبوون لە لقی سەربازیی پەژاکدا قبووڵ بکات. ئەگەرچی چالاکییە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی لە لایەن پەژاکەوە پشتگیریی لێ دەکرا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەندامبوونی لە بەشی سەربازیی ئەم حیزبە لە بەردەستدا نییە.

لە سەرماوەزی ١٣٨٧دا (دیسامبەری ٢٠٠٨) زەینەب بە تۆمەتی موحارەبە و بەبێ پارێزەر، بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی دادبینیی دادپەروەرانە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ سزادانی خرابێتە بەردەست. دواتر سزاکەی گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی. ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) کۆمیتەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە زەینەب بە هۆی ڕەگەز و چالاکییەکانی لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانی کوردستان دەستبەسەر کراوە و هەر بۆیە دەستبەسەرکردنەکەی سەرەڕۆیانە و نایاسایی بووە.

دۆسیەکەی زەینەب نموونەیەکی ئاشکرایە لە سەرکوتکردنی ژنان و دژبەران لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. نەسرین پەرویز، زیندانیی سیاسیی پێشوو، ساڵی ١٤٠٢ (٢٠٢٢) هۆشداریی دا کە ڕژێم لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینییەوە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە دەستبەسەرگەی دەوریەی ئیرشاددا کە کڵپەی خۆپیشاندانەکانی «ژن، ژیان، ئازادی»ی هەڵگیرساند، بەکارهێنانی ئەشکەنجەی سیستەماتیک بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانانی توندتر کردووەتەوە و پەرەی پێ داوە. ئەمڕۆ و لە سێیەم ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینیدا، نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە توندکردنەوەی سەرکوتی دژبەران لە ئێراندا ڕادەگەیەنین؛ سەرکوتکارییەک کە زیاتر لە هەموان ژنان و کچانی ئێرانی بە ئامانج گرتووە.

تەنها لە ساڵی ١٤٠٣دا (٢٠٢٤) ١٠٢٣ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە کە نیشاندەری بەردەوامیی ئێرانە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوتکردنی دژبەران، بەتایبەت ناڕازیان و خۆپیشاندەران و کەمینەکان. لە نێو ئەو کەسانەدا کە مەترسییان لەسەرە، ژمارەیەک ژنەچالاکوانی کورد و زیندانیی سیاسیی وەک پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی دەبینرێن کە دۆسیەکانیان ڕەنگدانەوەی مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر ژنانی ناڕازی و چالاکانی سیاسی. بەم دواییانە، لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (٢١ی جولایی ٢٠٢٥)، ڕاگەیەنرا کە شەش بەندکراو، لەوانە ژنێک، لە زیندانی ناوەندیی یەزددا – واتە هەمان ئەو شوێنەی ئێستە زەینەب لەوێ بەند کراوە – لە سێدارە دراون.

دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و هەراسانکردنی دەروونیی زەینەب، نیشاندەری هەنگاوی هۆشیارانەی دەوڵەتی ئێرانە بۆ سزادان، تێکشکاندن و بێدەنگکردنی زیندانیانی سیاسی. ئێمە داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکەین دەسبەجێ هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی گیانی زەینەب جەلالیان و بەجێهێنانی بەڵێن و بەرپرسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی هەڵبگرێت، لەوانە:

گواستنەوەی خێرای بۆ نەخۆشخانەیەکی مەدەنی و سەربەخۆ و دابینکردنی بێمەرجی هەموو چاودێرییەکی پزیشکیی گەنجاو؛

کۆتاییهێنان بە ئازاردان و هەڕەشەکردن، لەوانە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی دانپیانان یان تۆبە لە بەرانبەر وەرگرتنی چارەسەردا؛

ئازادکردنی خێرای لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی کۆمیتەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٣٩٥دا (٢٠١٦) سەبارەت بە نایاسایی و سەرەڕۆیانەبوونی دەستبەسەرکردنی و هەروەها کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ستەمکارانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیئامێز.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین -لەوانە دامودەزگا و دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا- گوشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران زیاد بکەن. ئەگەرچی چەندین ساڵە بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو و داواکاریی لێکۆڵینەوەی بەپەلە خراوەتە بەردەست، بەڵام دەوڵەتی ئێران تا ئێستایش ئامادە نەبووە بەرپرسایەتییەکانی خۆی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا جێبەجێ بکات. ئێستە هەنگاوی نێودەوڵەتیی هەماهەنگ و پێداگرانە بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی زەینەب پێویستییەکی ژیانییە.

واژۆکاران

ڕێکخراوەکان

ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئەهواز  (AHRO)

هەموو مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموان لە ئێراندا

ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێراندا  (AHRAZ)

کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ

گرووپی مافەکانی مرۆڤی بەلووچستان  (BHRG)

ئەنجەمەنی «هاوپشتیی دژ بە سزای سێدارە (ECPM)»

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (FIDH)

شۆرای نێونەتەوەیی تواناسازی بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە (IRCT)

مافەکانی مرۆڤی ئێران  (IHRNGO)

ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران

دادپەروەری بۆ ئێران

ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی کوردستان – ژێنێڤ  (KMMK-G)

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردپا

ئەنجومەنی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا  (LDDHI)

ناوەندی توێژینەوەی ئۆمێگا (Omega Research Foundation)

ڕێکخراوەی «ڕەسانک»

ڕێکخراوەی ڕێدرێس (REDRESS)

ناوەندی سیامەک پوورزەند  (SPF)

هاوپەیمانیی یەکگرتوو دژ بە ئەشکەنجەUATC –  ؛ ڕێکخراوەکانی REDRESS، IRCT، OMCT، Omega

دەزگای جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە (OMCT)

بەرگریکاران

مەحموود ئەمیری‌موقەددەم، دامەزرێنەری ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ئێران

فەرخونده ئاشنا، چالاکوانی سۆسیالیستی مافەکانی کرێکاران و زیندانیی سیاسیی پێشوو

ئێلیکا ئاشووری، ئەکتەر و چالاکوان، کچی ئەنووشه ئاشووری (بارمتەی پێشوو)

نازەنین بونیادی، ئەکتەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ

لادەن بروومەند، مێژوونووس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ

ڕۆئیا بروومەند، بەڕێوەبەری ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ

شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل

کارێن کارێلکار، بەرپرسی دەسپێشخەریی «نووسەرانی مەترسی لەسەر» لە «پێنی ئامریکا»  (PEN America)

شاپەرەک خورسەندی، کومێدیەن و نووسەر

ڕامیتا نەوایی، ڕۆژنامەوان

نەسرین پەرواز، چالاکوان و نووسەری کتێبی «خەباتی ژنێک لە ئێراندا، بیرەوەرییەکانی زیندان»

ڕیچارد ڕێتکەلییەف، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ

نازەنین زاغەریی ڕێتکەلییەف، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، بارمتە و زیندانیی سیاسیی پێشوو