سەقز؛ ڕێپێوانی شاخەوانیی شاخی "جاقل" کە بەمەبەستی ڕێزگرتن لە گیانلەدەستداوانی ژینگە ڕێک خرابوو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا هەڵوەشایەوە

٢٠ی خەرمانان؛ بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ڕێپێوانی شاخەوانیی گرووپی شاخەوانانی "ڕێکخراوی ژیانی سەوزی سەقز" (انجمن ژیان سبز سقز) کە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی چلەی گیانلەدەستداوانی ژینگەی سنە بەڕێوە بچێ، هەڵوەشایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەنجومەنی ژیان سەوزی سەقز، لە سێ ڕۆژ پێشترەوە واتە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ بانگەوازێکی بۆ ڕێپێوانی گرووپێکی شاخەوانان بۆ سەر شاخی جاقل بۆ بەرزڕاگرتنی گیانلەدەستداوانی ژینگەپارێزی سنە بڵاو کردەوە کە بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێش بە بەڕێوەچوونی گیرا.
لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاوی کێوی ئاویەردا لە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، چەند کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بەسەختی بریندار بوون. بەداخەوە سێ کەس لەو ژینگەپارێزانە بە ناوەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی بە ڕیز لە ڕۆژانی سێ، پێنج و شەشی گەلاوێژی ١٤٠٤دا گیانیان لەدەست دا.
ئەم ئەنجومەنە بە بێ ئاماژە بە هیچ چەشنە هۆکارێک، شەوی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە "شاخەوانییەکەی ڕۆژی هەینی هەڵوەشاوەتەوە و بەڕێوە ناچێ."