دیداری مامۆستایانی بانە و سەقز؛ دەستبەجێ سزای زاڵمانە دژی مامۆستایانی کوردستان پووچەڵ بکەنەوە

١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی بانە چوونە سەقز و لە دیدار لەگەڵ دوو مامۆستای بەپێشینە، لوقمان ئەڵڵامورادی و شەهرام کەریمی و بنەماڵەکانیان، سزای نادادپەروەرانەی دەرکراو دژی ئەم مامۆستایانەیان مەحکووم کرد.
مامۆستایانی بانە بە وەبیرهێنانەوەی کارنامەی گەشاوەی چەند دەیەی فێرکاری و پەروەردەیی ئەم دوو مامۆستایە و باقی مامۆستا سزادراوەکان، دەرکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەیان بە "ناڕەوا و ناهاوسەنگ" زانیوە و جەختیان کردووەتەوە کە دەرکردنی ئەم بڕیارانە لە بەرەبەری ساڵی نوێدا، ڕووداوێکی ناخۆش بۆ فەرهەنگیان و قوتابییانی کوردستانە.
ئەوان وێڕای پشتیوانی لە هاوکارەکانی خۆیان، خوازیاری هەڵوەشانەوەی خێرای ئەم بڕیارە زاڵمانەیە بوون و هۆشداریان دا کە درێژەی ئەم ڕەوتە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ئازادیی ڕادەربڕین، ئەمنییەتی کار و مافی پەروەردەی قوتابییانە.
لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، مامۆستایانی بانە بە بەدەستەوەگرتنی پلاکاردی نووسراو و وێنەی مامۆستایانی سزادراو، ڕایانگەیاند:
"دەرکردنی سزای زاڵمانە بۆ مامۆستایانی کوردستانی مەحکووم کردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی خێرای ئەو سزایانەین."
"ئازادی تاوان نییە، دەسبەجێ سزای ناڕەوای مامۆستایان پووچەڵ بکەنەوە."