سەرکوتی نەورۆزی کوردستان؛ دەسبەسەرکردنی لانیکەم ٩ کەس لەوانە دوو مێرمنداڵ لە مەریوان لە ماوەی دوو ڕۆژدا

لە ماوەی دوو ڕۆژدا (یەک و ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤) شەپۆلێک لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە مەریوان دەستی پێ کرد. ئەم دەسبەسەرکرانانە زیاتر بە بانگکردن بۆ ئیتلاعات یان بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و زیاتر پێوەندییان بە پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز یان چالاکییە فەرهەنگییە هێمنانەکان بووە.
ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاوە دەستان خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزی ئەندامی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی هەینی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤، تەحسین دادڕەس، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو لە جۆزەردانی ١٤٠٠دا دوابەدوای لێخۆشبوونی هێزی دادوەری لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرابوو.
لە درێژەی هەمان ڕۆژدا، بیلال دادڕەس برای تەحسین دادڕەس هاوشێوەی براکەی لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها ڕۆژی هەینی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد نیکپەی، ئارام نیکپەی و محەممەد ئەشتەک، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کران.
ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "محەممەد قادری" کوڕی ناسر و خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا. سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە بانگکردنی ئەم مێرمنداڵە لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی "سەردۆش" بووە.
لە هەمان ڕۆژدا، "محەممەد نیکپەی" (تەمەن ٢٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ) و "کەیهان تەدبیری" (تەمەن ١٧ ساڵ کوڕی عەبدوڵڵا)، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کران. بەپێی ڕاپۆرتەکان کەیهان تەدبیری پاش بانگکران بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ چەشنە زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری بانگکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان یان دۆخی یاسایی ئەم کەسانە بڵاو نەکراوەتەوە.