١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «ئێلهام عەلیزادە»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و لە مافی هەبوونی پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم بابەتە بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ئێلهام عەلیزادە»، کچی عومەر و تەمەن ٣٠ ساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ گوازراوەتەوە کە ڕوون نییە کامەیانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە.