۱۷ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ «یووسف ئەحمەدی»، بەندکراوی سیاسیی کورد کە زیاتر لە ۶ ساڵە دەسبەسەرە و زیاتر لە سێ ساڵە بەرەوڕووی سزای سێدارە بووەتەوە و لە دوو دۆسییەی جیاوازدا لە دادگاکانی کەیفەری و ئینقلابی پارێزگای سنەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، یەکێک لەم سزایانە کە پەیوەندیدار بە دۆسییەی دادگای کەیفەری بوو، گۆڕدراوە بە دانی دەیە و ۱۰ ساڵ بەندکرانی داسەپاو؛ بەڵام سزای دووەمی سێدارەی لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی «بەغی» تا ئێستا دوو جار لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و پارێزەرانی بۆ جاری سێیەم داوای پێداچوونەوەیان بۆ ئەم سزایە ئاراستەی دیوانی باڵای وڵات کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ۱۲ی خەرمانانی ۱۴۰۵، یەکێک لە سزاکانی سێدارەی «یووسف ئەحمەدی» لە پەیوەندی بە تۆمەتی «قیساس» لەلایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی پارێزگای سنە هەڵوەشێنراوەتەوە و گۆڕدراوە بۆ دانی دەیە و ۱۰ ساڵ بەندکرانی داسەپاو. بەڵام ژیانی بەهۆی سزای دووەمی سێدارە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی «بەغی» هێشتا لە مەترسیدایە. ئەم سزایە تا ئێستا دوو جار لە لقی ۳۹ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی «نەیێری» پشتڕاست کراوەتەوە و پارێزەران لە ئێستادا بۆ جاری سێیەم داوای پێداچوونەوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە پێشکەش کردووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سزای سێدارەی پەیوەندیدار بە تۆمەتی «بەغی» لە ساڵانی ۱۴۰۲ و ۱۴۰۳دا لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و ئەم سزایانە دوای بەدواداچوونی پارێزەران، بە شێوەی زارەکی بەوان ڕاگەیەندراوە.
«یووسف ئەحمەدی»، «محەممەد کەریمی»، «عەبدولباست کەریمی» و «محەممەد فەیزی»، چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بانه، لە یەک دۆسییەدا بەرەوڕووی سزای سێدارە و بەندکرانی درێژخایەن بوونەتەوە. ئەوان لە ماوەی مانگەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە لە هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر و هەروەها دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەییدا بوون. ئەم چوار بەندکراوە هیچکات لە مافی ئازادیی کاتی سوودمەند نەبوون. یووسف ئەحمەدی کە بەرەوڕووی دوو سزای سێدارە بووەتەوە، تەنانەت یەک ڕۆژیش مورەخەسی پێنەدراوە و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی سنەدا بەندکراوە.
پێشینەی دەسبەسەرکردن و دەرکردنی سزا بەسەر ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەدا؛
سەرەتای بانەمەڕی ١٣٩٩، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «یووسف ئەحمەدی»، «محەممەد کەریمی»، «عەبدولباست کەریمی» و «محەممەد فەیزی»، خەڵکی بانه سەر بە پارێزگای سنە، لە شەپۆلێکی دەسبەسەرکردندا، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و پاشان بۆ لێکۆڵینەوە گواسترانەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، خرانە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی.
۱۲ی خەرمانانی ۱۴۰۲، دوای سێ ساڵ و چوار مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، بێ بەهرەمەندبوون لە مافی ئازادیی کاتی و مورەخەسی، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەعیدی»، «یووسف ئەحمەدی»ی بە تۆمەتی «بەغی» بە سێدارە و «محەممەد کەریمی»، «عەبدولباست کەریمی» و «محەممەد فەیزی»ی بە تۆمەتی «یارمەتیدانی بەغی»، بەپێی ڕیزبەندی بە ۲۵ ساڵ، ۲۰ ساڵ و ۲۰ ساڵ بەندکران مەحکووم کرد کە سەرجەمی سزاکانی بەندکرانیان ۶۵ ساڵە.
ئەندامێکی پارلەمانی ئاڵمانی کەفالەتی سیاسیی یووسف ئەحمەدیی گرتووەتە ئەستۆ؛
۵ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲؛ مارسێل هۆپ، کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە ڕۆژی جیهانیی زیندانییانی سیاسی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی : "من وەکوو کەفیلی سیاسیی ناوبراو، خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی یووسف ئەحمەدیم".
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی ئاڵمان بە جەختکردنەوە لەسەر بێتاوانبوونی یووسف ئەحمەدی، داوای ئازادکردنی کرد و ئاماژەی بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێشێلکردنی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان لە دۆسییەکەیدا کرد. هوپ پێشتر، لە ۱۶ی ڕەزبەری ۱۴۰۲دا، دوای مەحکوومبوونی یووسف ئەحمەدی بە سێدارە، کەفالەتی سیاسیی ئەوی گرتبووە ئەستۆ و ئامانجی خۆی ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بۆ ڕەوشی ئەو و زیاتركردنی گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندبوو.
۲۹ی ڕەشەمەی ۱۴۰۲؛ مارسێل هوپ لە ڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە پەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا، جارێکی تر داوای ئازادکردنی دەستبەجێی یووسف ئەحمەدیی کرد و نووسی یووسف ئەحمەدی لەپێش چاوی منداڵەکانی لاقی کراوەتە ئامانجی گولـلە و دەسبەسەر کراوە. پاشان بۆ چەندین مانگ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە و بەپێی دانپیدانانی زۆرەملێی ژێر ئەشکەنجەدا کراوەتە ئامانجی دادگاییکردنێکی ساختە. ئەو هەروەها ڕایگەیاند کە سزای سێدارەی ئەحمەدی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەو و ژمارەیەک لە بەندکراوانی دیکەی سیاسی لە مەترسیی جێبەجێکردنی زووی لەسێدارەداندان.





