ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی خەرمانانی ۱۴۰۵، ژنان و بنەماڵەی نیلووفەر موجاوری لە گۆڕستانی زەرگەتەنی پیرانشار لەسەر مەزاری ئەو ئامادە بوون و بە دانانی گوڵی سوور و داگیرساندنی مۆم، توندوتیژی و کوشتنی تۆقێنەری نیلوەفەریان مەحکووم کرد. 

نیلووفەر موجاوری بەهۆی توندوتیژی، دەستدرێژی و کوشتنی تۆقێنەر لەلایەن پیاوێکەوە کە هەڵخەڵەتاندبووی، گیانی لەدەست دا.

بە سکاڵای بنەماڵەکەی، ئەنجامدەری کوشتن و توندوتیژییەکە دەسبەسەر کراوە و دانی بە هەموو تۆمەتەکاندا ناوە.

بنەماڵەی نیلووفەر داوای سزادانی ئەو و ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەنجامدەری کوشتنەکە بۆ ناو کۆمەڵگە دەکەن تا ژنانی تر نەبنە قوربانی و پارێزراو بن. 

دواین دۆخی دۆسییەی نیلووفەر موجاوری و زانیاریی نوێ دەربارەی ئەنجامدەری کوشتن و توندوتیژییەکەی؛

بەپێی دواین زانیارییەکان کە دەربارەی «سەید عێیزەدین سەیدتاهیری» بەدەستی کوردپا گەیشتوون، ناوبراو لە شارۆچکەی پیرانشار دەسبەسەرە و بنەماڵەی نیلووفەر موجاوری سەرقاڵی بەدواداچوونی دۆسییەکەن.

هەروەها سەرجەم بەڵگەنامە پزیشکی و نەخۆشخانەییەکان کە ئەشکەنجە، دەستدرێژی و توندوتیژیی سەر نیلووفەر بە شێوەی نووسراو پشتڕاست دەکەنەوە، بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان دراونەتە دادگا و بەهۆی بەدواداچوونی بنەماڵەکەیەوە دۆسییەکە خراوەتە پێشەوە. 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا «سەید ئەنوەر سەیدتاهیری»، برای «سەید عێزەدین سەیدتاهیری»، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای «ڕووداو» لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەسبەسەرکردنی براکەی، ئیدیعای کردووە کە ناوبراو «کێشەی دەروونی" هەیە و ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە ۱۰ ساڵ پێشتر، هاوسەری خۆی لە نەغەدە کوشتووە و لەسەر ئەو کوشتنە ۶ ساڵ لە زینداندا بووە.

ئەو هەروەها وتوویەتی کە براکەی ۱۸ تا ۱۹ ژنی هێناوە و زۆربەی ئەم ژنانە زیاتر لە حەفتەیەک لەلای نەماونەتەوە.

برای تۆمەتبارەکە، لە گفتوگۆیەدا لەگەڵ ئەم میدیایە، لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی دامودەزگا حکوومی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی تا ئەم ئاستە چاوپۆشی و کەمتەرخەمییان بەرانبەر بە ڕەفتار لەگەڵ براکەیدا نواندووە، وتی: «نازانم». ئەو لەم گفتوگۆیەدا، بێ ئەوەی ڕەفتاری براکەی سەرکۆنە بکات و بێ وڵامدانەوەی بنەماڵەکەی بۆ ئەم بابەتە کە، تەنانەت ئەگەر ئیدیعای ئەوانیش بەوەی منداڵەکەیان «کێشەی دەروونی» هەبووە ڕاست بێت، بۆچی بۆ چارەسەرکردنی هەنگاویان نەناوە، لە کاتێکدا دەیان ژن بوونەتە قوربانی؛ پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی دایکی نیلووفەر کردووە و بانگەشەی کردووە کە ئەو ئاگاداری پەیوەندی کچەکەی لەگەڵ براکەیدا بووە. 

«سەهەیلا مێهدیزاده» پووری نیلووفەر، کە کوردپا پێشتر ڕاپۆرتی توندوتیژی و کوشتنی نیلووفەری لە زاری ئەوەوە بڵاو کردبووەوە، لە پەرچەکردارێکدا بەرانبەر لێدوانەکانی برای تۆمەتبارەکە دەڵێت بنەماڵەی ئەنجامدەری توندوتیژی و کوشتنەکە، پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی دایکی نیلووفەر دەکەن؛ لە کاتێکدا ئەم بنەماڵەیە بێ هیچ جۆرە بەرپرسیارەتییەک بەرانبەر ڕەفتار و کردەوەکانی منداڵەکەیان، لەم ماوەیەدا تەنانەت یەک پەیامی سەرەخۆشی یان دەربڕینی دڵگرانییان بە هیچ شێوازێک بە بنەماڵەی نیلووفەر نەناردووە. ئەو ئەم لێدوانانە بە هیچ شێوەیەک بە ڕاست نازانیت و دەڵێت بنەماڵەی تۆمەتبار بە هێنانی ئەم جۆرە ئیدیعایانە دەیانەوێت براکەیان بە بێتاوان بناسێنن.  

«نیلووفەر موجاوری»، کچە ۲۷ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، کە بۆ ماوەی ۱۰ ڕۆژ لەلایەن کەسێکەوە دوای هەڵخەڵەتاندن، لە شوێنێکی نادیار و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا ڕاگیرابوو و بە توندی کەوتبووە ژێر توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی و جەستەیی و بێبەشکردن لە ئاو و خۆراک، تووشی مەرگی مێشکی بووەوە و دوای چەند ڕۆژ لە خەواندن لە نەخۆشخانە، بنەماڵەکەی بە بەخشینی هەردوو گورچیلەی کە تاقە ئەندامە ساغەکانی جەستەی بوون ڕازی بوون و ناوبراو لە ۱۳ی خەرمانانی ۱۴۰۵دا گیانی لەدەست دا.

هەروەها، کوردپا گێڕانەوەی ژنێکی تری قوربانیی توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی لەلایەن «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» بڵاو کردووەتەوە؛

ئەم ژنە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەو لە فەزای مەجازیدا، سەید عێزەدینی ناسیوەتەوە و دەڵێت ساڵانێک پێشتر وەک نیلووفەر موجاوری، لەلایەن ئەوەوە کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجە و دەستدرێژی.

ئەو دەڵێت سەید عێزەدین سەیدتاهیری نزیکەی دوو حەفتە ئەوی لە شوێنێکی نەشیاو و نامڕۆڤانەدا ڕاگرتووە، لە ئاو و خۆراک بێبەشی کردووە و بە لێدان و دەستدرێژیی بەردەوام تا لێواری مرگ بردوویەتی؛

دوای ئازادکردنیشی بەهۆی هه‌وكردنی توند لە سەرانسەری جەستەیدا، تا چەند حەفتە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

ئەم ژنە دوای ساڵانێک بێدەنگی لە ترسی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی،  بە ناردنی وێنە و بەڵگەنامەکانی جەستەی ئەشکەنجەدراوی خۆی، هەروەها بەڵگەی خەواندن لە نەخۆشخانە و تاقیکردنەوە و پشکنینە پزیشکییەکان، ئەو توندوتیژییەی لەلایەن ئەم کەسەوە بەرانبەری کرابوو، گێڕایەوە.

کوردپا بۆ پاراستنی ئاسایشی قوربانییەکە، زۆرێک لە وردەکاری، هێما و ڕوونکردنەوەکان کە ئەگەری ناسینەوەی ناسنامەکەی لێ دەکەوێتەوە بە پارێزراوی لای خۆی هێشتووەتەوە.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە کوردپایان ڕاگەیاندووە کە هیچ کارێک و هیچ شتێک لە «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» بەدوور نییە و بە کەسێکی سەر بە دەسەڵاتی دەزانن، -لە کوردستاندا بەم کەسانە دەوترێت «جاش»-. ئەوان دەپرسن مەگەر چۆن دەکرێت کەسێک بتوانێت ئەم هەموو توندوتیژییە دژ بە دەیان ژن ئەنجام بدات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک بوێرێ بێدەنگی بشکێنێت و ئەویش بەردەوام بێت لە کارەکانی. 

کوردپا کارەساتی ژنکوژیی نیلووفەر موجاوری و بێدەنگیی سەرچاوەگرتوو لە ترسی قوربانییەکانی تر بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی سزای پێکهاتەیی و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا دەزانێت. لە پێکهاتەیەکی وەهادا، ژنانی قوربانی نە لە پشتیوانیی کاریگەری یاسایی بەهرەمەندن و نە ئاسایشی پێویست بۆ شکاندنی بێدەنگی و پەنابردن بۆ دەزگای دادوەرییان هەیە؛ لە بەرانبەردا، توندوتیژکاران، تەنانەت بە بوونی پێشینەی قورسیشەوە، دەرفەتی بەردەوامیدان بە توندوتیژی دژ بە ژنانیان دەست دەکەوێت.

بەردەوامیی ئەم دۆخە و کەمتەرخەمیی دامەزراوە حکوومی و دادوەرییەکان لە بەرانبەر توندوتیژکاراندا، تەنیا کەمتەرخەمییەک نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سووڕێک کە بە نەدانی سزا، بەستێنی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و قوربانیبوونی ژنانی زیاتر دابین دەکات.