ڕەسووڵ گەلەبان، ڕۆژنامەوانی کورد بانگی لقی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرا

23:46 - 2 خاکەلێوه 2725

ڕەسووڵ گەلەبان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی ورمێ بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، بێڕێزی بە ئێتنیکەکانی ئێران، پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی خراپە و بێ حیجابی و هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بانگی لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرا.

بنەماڵەی ئەم ڕۆژنامەوانە لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بەڵگەی بانگکرانی لەلایەن لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێیوە پێ گەیشتووە.

ڕەسووڵ گەلەبان ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە بە بڕیاری دادستانی ورمێ پاش بانگکران بۆ پۆلیسی فەتا دەسبەسەر کرا و پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتەکەی و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.

جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێڕێزی بە ئێتنیکەکانی ئێران" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەرەوڕووی سێ داوکاریی دادگا بۆ سزادانی خۆی بووەتەوە.

ڕەسووڵ گەلەبان، بەرپرسی هەواڵدەریی "ورمێ ٢٤" لە ساڵی ١٣٩٥‌ەوە چالاکیی میدیایی خۆی دەست پێ کردووە.