شێرکۆ تابناک بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا
![](/content/upload/1/news-kurdpa/7123.jpg)
ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، شێرکۆ تابناک بەندکراوی سیاسیی پێشوو پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.
ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٣٦ ساڵە، لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە چوار مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو.
شێرکۆ تابناک سەرماوەزی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
شێرکۆ تابناک ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و خەرمانانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزاکانی شاری بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە پێنج مانگ بەندکرانی داسەپاو و ٧ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درابوو.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرابوو و ڕۆژی هەینی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ئازاد کرابوو.