پیرانشار؛ حاجی بەرزه، وانەبێژی زمانی کوردی به بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی سزا درا
حاجی بەرزه، وانەبێژی زمانی کوردی لە ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی "بەیان" و برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر محەممەدی" بە ٥ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی سزای دەرکراو، ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٥ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بە پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە.
ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، حاجی بەرزە بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
ئەم وانەبیژی زمانی کوردییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، حاجی بەرزە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
حاجی بەرزە برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەلکی گوندی "چیانە" سەر بە شاری پیرانشارە کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.