ناڕوونیی چارەنووسی سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ لە بەندیخانەی نەغەدە و بێبەریکرانیان لە ئازادیی کاتی

11:55 - 13 خەرمانان 2724

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەلام سوڵتانی" و "ئەمیر فەقێ" خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیڕانشار، سەرەڕای تێپەربوونی چەند مانگ لە دەسبەسەرکرانیان، چارەنووسیان ناڕوونە و لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراون و لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و لە دژیان لە دادگای ئینقلابی مەهاباددا دۆسییەی دادوەری کراوەتەوە. هەروەها بە فەرمانی دادگا لە ئازادیی کاتی بێبەری کراون.

پێشتر ئەمیر فەقێ و سەلام سلێمانی پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سەلام سوڵتانی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەمیر فەقێ و دەسبەسەریان کردووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاوولاتییە کوردە زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ