سزای ٣ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەخشان عەزیزی وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە

17:36 - 6 رەزبەر 2724

کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی بڵاوی کردەوە، لەکاتێکدا کە دۆسییەی  پەخشان عەزیزی و بنەماڵەکەی بۆ داوای پێداچوونەوە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کراوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای بەندکرانی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەخشان عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی تاران وەک خۆی پشڕاست کرایەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە بۆ پەخشان عەزیزی و بنەماڵەکەی دۆسییەیەک کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سزای یەک ساڵ بەندکرای داسەپاو بەسەر هەر کام لە عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسین عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی تاراندا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ، لەم دۆسییەیەدا کەسانێکی دیکەش تۆمەتبار کراون کە هێشتا ڕوون نییە بۆچی لەم دۆسییەیەدان و ئەم کەسانە کێن.

پێشتر سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەر کام لەم کەسانە لەگەڵ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" دەر کراوە.

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان لە بەندیخانەی ئێڤین، لە دۆسییەیەکی نوێدا کە لەلایەن لقی ٣ی لێرسینەوەی دادسەرای ئێڤینەوە کراوەتەوە، بە "ئاژاونانەوە لە بەندیخانە" تۆمەتبار کراوە.

ئەم تۆمەتە لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٣ بووە.

ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژنامەوان و دەرچووی بواری یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی پاش نزیک بە ساڵێک دەسبەسەرکران، لەلایەن داداگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درابوو و هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەی ناوبراو بە بەندکران سزا درابوو.

ئەم سزایە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "دەر کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات" بە ٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

سزای پەخشان عەزیزی لە کاتێکدا دەرچووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

دادگای ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندرا. هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەی ناوبراویش بە بەندکران سزا دراون.

٣١ی پووشپەڕ، پەخشان عەزیزی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئێڤین لەژێر ناوی "نکۆڵیکردن لە هەقیقەت و ئاڵترناتیڤەکەی" وێڕای ئاماژە بە ئازاری "ژن بوون " و "کوردبوون" لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەی بە ئەشکەنجەی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە کردووە.

سەرماوەزی ١٤٠٢، پەخشان عەزیزی پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.