بەرەبەیانیی شەممە ۱۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، سزای سێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی «مستەفا شەریفی»، خەڵکی ئاواییی «تەوان» سەر بە شارستانی پیرانشار، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە ٤٥ ساڵەیە، پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» دەسبەسەر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هەمان تۆمەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بوو.
ئەم بەندکراوە خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.
هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکان یان ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.





