۱۲ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «ئارمان خالق‌پەنا»، لاوی ۳۵ ساڵەی خەڵکی سەقز، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان لەکاتی دەسبەسەرکرانیدا بریندار بووە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی لەبەر دەستدا نییە. وێڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ دامەزراوەیەکی دادوەری یان ئەمنی وڵامێکی ڕوون و نووسراوی لەسەر زیندووبوون یان کوژرانی بە بنەماڵەکەی نەداوە. لەلایەکی ترەوە، لە سیستەمی تۆماری باری کەسیی وڵاتدا، دۆخی «ئارمان خالق‌پەنا» هێشتا بە «لە ژیاندا ماوە» تۆمار کراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، دۆخی ئەم هاوڵاتییە کوردە دەکرێت بە نموونەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ هەژمار بکرێت؛ دۆخێک کە دەسەڵاتداران و دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە ئاستیدا بێدەنگەیان هەڵبژاردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: بە تێپەڕبوونی ۲۱۱ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «ئارمان خالق‌پەنا» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا لە نێوقەد بۆ خوارەوە بریندار بووە، هیچ هەواڵێک لە گیان و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەکەی لەم ماوەیەدا چەند جار سەردانی ناوەندە جیاوازەکانی دادوەری و ئەمنییان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان لەسەر زیندووبوون یان کوژرانی وەرنەگرتووە و لە سیستمی تۆماری باری کەسیی وڵاتیشدا دۆخی بە «لە ژیاندا ماوە» دراوە.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە وردەکاریی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی وتی؛ بنەماڵەی خاڵق‌پەنا لە یەکەم ڕۆژی دەسبەسەرکرانی منداڵەکەیانەوە تا ئێستا، چەند جار سەردانی دادستانی و دادگاکانی جیاوازی سەقز، ناوەندی پارێزگا (سنە) و هەروەها تارانیان کردووە تا لە چارەنووسی ئاگادار ببنەوە. تەنیا لە دیوانی باڵای وڵات، دادستانی گشتیی کاروباری زابیتان لە تاران پێی وتوون کە «کەسێک کوژراوە»؛ بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک وەک بەڵگەی کۆچی دوایی، نامەی پزیشکی دادوەری یان تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و ناوی «ئارمان خاڵق‌پەنا» لە سیستەمی تۆماری باری کەسێتیی وڵاتدا هێشتا بە ناونیشانی «لە ژیاندا ماوە» هەیە.

نموونەیەک لە دوایین بەدواداچوونی ناسنامەیی و تۆماری باری کەسیی «ئارمان خالق‌پەنا» لە ڕێکەوتی ۱۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، نیشان دەدات دۆخی ئەو لە سیستەمی تۆماری باری کەسیی ئێراندا هێشتا بە «لە ژیاندا ماوە» تۆمار کراوە.

ئەم سەرچاوەیە بە ئاماژەدان بێئاگابوونی بنەماڵەکەی سەبارەت بە گیان و جارەنووسی کوڕەکەیان وتی؛ «هیچ دامەزراوەیەک هیچ وڵامێکی ڕوون بە بنەماڵەکە نادات؛ لانیکەم بە بنەماڵەکە بڵێن زیندووە یا کوژراوە». بنەماڵەی خالق‌پەنا لە هەمان ڕۆژانی یەکەمی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا، سەرجەم گۆڕستانەکانی پارێزگای سنە گەڕاون و لەوانەی لەم گۆڕستانانەدا کار دەکەن سەبارەت بە ئەگەری نێژرانی پرسیاریان کردووە، بەڵام هیچ کەس حاڵەتێکی هاوشێوەی «ئارمان خالق‌پەنا»ی کە لەم گۆڕستانانەدا نێژرابێت، نەبینیوە.

بێئاگایی بنەماڵەکە لە چارەنووسی کوڕەکەیان تا ڕادەیەک درێژەی کێشاوە کە، بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «ئارمان خالق‌پەنا» کاتی دەسبەسەرکران هیچ بەڵگەیەکی ناسنامەیی پێ نەبووە و هیچ دامەزراوەیەکیش داوای بەڵگەی ناسنامەیی لێنەکردوون و تەنانەت پەیوەندیشیان بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی خالق‌پەنا لە درێژەی ئەم ۲۱۱ ڕۆژە ىیئاگایی و بەدواداچوونە بەردەوامانەدا، جارێک هەواڵێکی ئومێدبەخشیان وەرگرتبوو؛ بەم شێوەیە کە نزیکەی دوو مانگ دوای دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان، نامەیەک بۆ بەندیخانەی قوروە نێردرابوو کە بڕیارە «ئارمان خالق‌پەنا» بۆ دابڕگەی بەندیخانەی ناوەندیی قوروە بگوازرێتەوە. بەڵام بنەماڵەکە دوای بەدواداچوون لە بەندیخانەی قوروە تێگەیشتن کە ئەم نامەیە تەنیا بۆ «خڵەتاندن و لادانی سەرەداوی ئیداری» دەرکرابوو.

«ئارمان خالق‌پەنا» ڕۆژی ۱۷ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴، لەگەڵ «شێخ زاهێد شەهابی» و لە کاتێکدا سەر بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بوون، لە دەروازەی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە گەمارۆ دران. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەکان بە گومانی ئەوەی شتێکیان پێیە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەستیان بە تەقەکردن کرد کە لە ئەنجامدا «ئارمان خالق‌پەنا» بریندار بوو و «شێخ زاهێد شەهابی» دەسبەسەر کرا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئارمان خالق‌پەنا لە نێوقەد بۆ خوارەوە بریندار بووبوو. 

«شێخ زاهێد شەهابی»ش ئێستا بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ئەنجامی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کێشی بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە.

«ئارمان خالق‌پەنا» لەدایکبووی ۹ی خەرمانانی ۱۳۷۰، کوڕی عەتا، سەڵتە و پێش دەسبەسەرکران سەرقاڵی کاری ئازاد، لەوانە مامەڵەی ئۆتۆمبێل و بار هێنان و بردن بووە.

کوردپا بە سەرنجدان بە ۲۱۱ ڕۆژ بێئاگایی ڕەها لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی «ئارمان خالق‌پەنا»، نەبوونی وڵامی فەرمی سەبارەت بە دۆخی، و بەردەوامیی تۆمارکردنی ناوی وەک «لە ژیاندا ماوە»، ئەم دۆخە بە نموونەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەزانێت. لە دۆخێکی وەهادا، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرپرسن لەوەی سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لێکۆڵینەوە بکەن و وڵامێکی ڕوون و سەلمێنراو بە بنەماڵەکەی بدەنەوە. بەردەوامیی ئەم دۆخە، سەرەڕای پێشێلکردنی مافەکانی ئارمان خالق‌پەنا، بنەماڵەکەشی خستووەتە ناو ناڕوونی و ئازاری بەردەوامەوە؛ ئازارێک کە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا، لە دەرئەنجامە جیددییەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیە و دەکرێت بە ڕەفتاری زۆردارانە و نامرۆڤانە بەرانبەر بە بنەماڵەکە هەژمار بکرێت.

دەسبەسەرکرانی «ئارمان خالق‌پەنا» بەڵام لە دۆخێکدا ڕووی دا کە تەنیا حەفتەیەک بەسەر دەستپێکی شەڕی ۴۰ ڕۆژەدا تێپەڕیبوو و کەشوهەوای گشتیی ئێران و بەتایبەت کوردستان تووشی دۆخی سەربازی و ئەمنی ببووەوە؛ دۆخێک کە شەپۆلێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکرانی هاوڵاتییان و توندبوونەوەی ڕەفتارە زۆردارانەکانی لەگەڵ بوو. لە کەشێکی وەهادا، تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردن و برینداربوونی ئارمان، و پاشان بڕانی تەواوی زانیارییەکان سەبارەت بە چارەنووسی، نیگەرانییەکان سەبارەت بەوەی بەسەری هاتووە زیاتر دەکاتەوە.

لە دۆخێکی وەهادا، بەرپرسیارێتیی وڵامدانەوە سەبارەت بە چارەنووسی «ئارمان خالق‌پەنا» تەنیا لەسەر شانی ئەو هێزانە نییە کە لە دەستبەسەرکردنیدا بەشدار بوون، بەڵکوو ناوەند و بەرپرسانێکیش دەگرێتەوە کە بنەماڵەکەی دوای دەسبەسەرکرانی، بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی سەردانیان کردوون؛ لە دادستانی و دەزگای دادوەری لە سەقز و سنە تا دامەزراوە دادوەرییەکان لە تاران، دیوانی باڵای وڵات و بەرپرسانی زیندانی قوروە. وێڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکە، ئەم دامەزراوانە تا ئێستا وڵامێکی ڕوون و بەڵگەداریان سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی جەستەیی و جارەنووسی ئارمان پێشکەش نەکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا بە بەڵگەدارکردنی پێکهاتەی فەرماندەیی سەرکوت لە ئێران، جەختی لەسەر بەرپەرسیارێتیی بەرپرسان لە ئاستە جیاوازەکاندا بەرانبەر بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و پێشێلکارییە جدییەکانی دیکەی مافی مرۆڤ کردووەتەوە.