١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «جەمیل ئەحمەدی»، وەرزشوان و ڕاهێنەری کۆنگفۆی خەڵکی سنە کە پێشتر لە ساڵی ١٣٩٩ دا پێشینەی ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هەبووە، دوای بانگکردن، دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە لە یەکێک لە ناوەندەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» دۆسییەسازیی بۆ کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وتووە؛ لە خەرمانانی ١٤٠٥، «جەمیل ئەحمەدی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی ١١٣ی سنەوە بۆ چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و کەوتە ژێر لێپرسینەوەی توندوتیژانە. لە کاتی لێپرسینەوەکەدا پێی ڕاگەیەندرابوو کە دۆسییەی بۆ دەکرێتەوە و بابەتەکە ڕەوانەی دادگا ناکرێت؛ بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کراوە و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» دۆسییەی بۆ کراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: «جەمیل ئەحمەدی» خاوەنی یانەی وەرزشییە و وەک وەرزشوان و ڕاهێنەری کۆنگفۆ چالاکی دەکات.
«جەمیل ئەحمەدی» پێشتریش پێشینەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هەبووە. ناوبراو ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ۱۳۹۹، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ئەحمەدی دوای ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و تەواوبوونی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە، ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ۱۳۹۹ ئازاد کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دۆسییەسازی دژی «جەمیل ئەحمەدی» زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەم ڕاهێنەرە وەرزشییە، لەکاتێکدا لە ڕەوتی دۆسییەکەی بێئاگایە، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش کراوە.





