۱۲ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ بەپێی ڤیدیۆیەک کە دوای دەسبەسەرکرانی «محەممەد عیبادی»، مێرمنداڵی ۱۶ ساڵەی کورد بە دەستی کوردپا گەیشتووەتە ، ناوبراو پێش دەسبەسەرکرانی لەسەر مەترسیی دەسبەسەرکرانی بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ قسەی کردبوو. وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بێتاوانیی خۆی، ڕوونی کردبووەوە کە کاتی کارکردن لە خواردنگەیەک لە تاران، دوای هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ بۆ ناو خواردنگەکە و چوونەدەرەوەی لە شوێنەکە، بەبێ ئەوەی تێکەڵی جەماوەر ببێت، ناسراوەتەوە و دوای کەوتوون. ئێستا سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراودا تێدەپەڕێت و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

محەممەد عیبادی لەم ڤیدیۆیەدا دەڵێت: «من محەممەد عیبادی، ۱۶ ساڵە لە شارستانی تیکابم. ئێمە لە تاران لەگەڵ سرووش عینایەتی و سیامەک موفیدی لە تارانپارس لە خواردنگەیەک کارمان دەکرد. گازی فرمێسکڕێژیان هاویشتە ناو خواردنگەکە و ئێمە ترساین و هاتینە دەرەوە و بێتاوانین، ئێستاش بە دوامدا دەگەڕێن بۆ دەسبەسەرکردن و هاتوونەتە شوێنی کارەکەم.»

محەممەد عیبادی ۱۶ ساڵە، سیامەک موفیدی ۱۷ ساڵە و سرووش عینایەتی ۱۶ ساڵە، سێ مێرمنداڵی خەڵکی تیکابن کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە تاران لە ڕێستۆخواردنگەیەکدا خەریکی کار بوون و دواتر دوایان کەوتبوون.

سیامەک موفیدی و سرووش عینایەتی لە خەرمانانی ۱۴۰۵ دەسبەسەر کران و دوای ۹ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە ئازاد کران. مەحەممەد عیبادیش دوای چەندین جار بانگکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی تیکاب و لێپرسینەوەی چەند کاتژمێری، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

«محەممەد عیبادی» ڕۆژی هەینی ۱۰ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو لە ڕۆژانی پێش دەسبەسەرکرانیدا، چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی تیکاب کرابوو و هەر جارێک بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر کەوتبووە ژێر لێپرسینەوە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم مێرمنداڵە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لە هەمان پەیوەندیدا، ۲۲ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوو مێرمنداڵی کوردی دەسبەسەرکراو، دوای ۹ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و دوای پێکهێنانی دۆسییەی ئەمنی بۆیان، لەلایەن دامەزراوەی ئەمنیی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی، بەشێوەی کاتی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ئازاد کران. ئەوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون. ١٨ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوای ۵ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، تۆمەتی وەک «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «تێکدانی نەزمی گشتی»یان درایە پاڵ. دۆسییەسازیی ئەمنی دژی ئەم دوو مێرمنداڵە پێش دەسبەسەرکرانیان ئەنجام درابوو و بۆ ئازادیی کاتیی هەرکامەیان، بارمتەی قورسی ۷ میلیارد تمەنی داوا کرابوو. ئەم دوو مێرمنداڵە ئەوکات لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ڕاگیرابوون. ئەم دوو مێرمنداڵە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە کافەیەک لە تاران خەریکی کارکردن بوون.