١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «فواد قادری»، پەرستاری کوردی خەڵکی جوانڕۆ، کە لە پانزدەهەمین ڕۆژی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدایە و دوای حەفتەیەک لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی توند لە یەکێک لە گرتنگە نادیارەکانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان گواستراوەتەوە؛ ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیەدا، لە بارودۆخێکی جەستەیی دژواردا و بە شوێنەواری شکاویی پەراسوو و لووتیەوە بەهۆی ئەشکەنجەی قورسەوە ڕاگیراوە و لە هەر جۆرە چارەسەرێکی پزیشکی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «فواد قادری» کە زیاتر لە حەفتەیەکە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان گواستراوەتەوە، و لەکاتێکدا کە شوێنەواری توندی ئەشکەنجەی جەستەیی، لەوانە شکانی چەند پەراسوو و لووتی لەگەڵە کە لە ماوەی حەفتەیەک دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لە گرتنگەیەکی نادیاردا بەسەریدا هاتووە، لە ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیەدا ڕاگیراوە. ناوبراو بێ مافی هیچ جۆرە چارەسەرێکی پزیشکی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە، لە ناڕوونی و بێبەشبوون لە مافی ئازادیی کاتی ڕاگیراوە و نیگەرانییەکان لەسەر بارودۆخی جەستەیی و گیانیشی زۆر بەرزە.

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، «فواد قادری»، لاوی ٣٥ ساڵانی خەڵکی ئاواییەکی سەر بە جوانڕۆ کە لە سنە وەک پەرستار کاری دەکرد، لە ڕێگای ڕوانسەر-کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بێ پێدانی بڕیاری دادوەر، دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، لە کاتێکدا لە یەکێک لە گرتنگە نادیارەکاندا کەوتبووە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی سەخت، ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان کراوە.

 دوای دەسبەسەرکردنی ئەم پەرستارە لاوە، هێزە ئەمنییەکان بێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی «فواد قادری» و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە کۆمپیوتەرەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

کوردپا پێشتر، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی حەفتەیەک دەسبەسەرکردنی «فواد قادری»، ڕاپۆرتی دابوو کە ناوبراو لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکاندا، بەتوندی ئەشکەنجە دراوە، بەجۆرێک کە تووشی شکانی چەند پەراسووی بووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە هەرجۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بێبەش کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.