بەرزکردنەوەی ماوەی سزای بەندکرانی خەبات وەیسی، خوێندکاری ناڕازی لە ١٥ مانگەوە بۆ ٤٣ مانگ بەندکران لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە

00:53 - 15 پووشپەڕ 2724

سزای بەندکرانی خەبات وەیسی، لە دەسبەسەرکراوان و بریندارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە و بە گوشار و دۆسییەسازیی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە ١٥ مانگ بەندکرانەوە بۆ ٤٣ مانگ بەرز کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم سزایە ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بە سەرۆکایەتیی دادوەرەکان "مێهری" و "ئاقایی"، لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی سێ دۆسییەی دەسبەسەرکران، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و ڕەوانەکردنی بۆ دادگای پێداچوونەوەی سنە دەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم خوێندکارە کوردە، لەلایەن دادگاکانی مەریوانەوە لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی یەکەمی خۆی، بە ١٥ مانگ بەندکران و لە دۆسییەی دووهەمدا بە دەسبەسەرکران بۆ ماوەی ٢٢ مانگ سزا دراوە، بەڵام دادوەر بە هۆی لاوبوونی بە بێتاوانی ناساندووە. هەروەها خەبات وەیسی سەبارەت بە ئاخرین دەسبەسەرکرانی، کەوتووەتە بەر لێبوردنی ڕێبەری. بەم حاڵەوە بە گوشار و دۆسییەسازیی ئیتلاعاتی مەریوان هەموو ئەم دەسبەسەرکرانانە لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و لە کۆتاییدا بووە هۆی دەرچوونی سزای ٤٣ مانگ بەندکران بۆ ئەم خوێندکارە ناڕازییە.

بەپێی ئەم سزایە، خەبات وەیسی خوێندکاری زمانی ئینگلیزی دەبێ ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی لە بەندیخانە ئامادە بێت.

خەبات وەیسی بۆ یەکەمین جار لە ١٠ی رێبەندانی ١٤٠٠ و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای مەریوان ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران ڕۆژی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

خەبات وەیسی دووەمین جار ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ و لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا پاش برینداربوون لە ناڕەزایەتییەکاندا و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران، ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم خوێندکارە ناڕازییە بۆ سێیەمین جار و دیسانەوە لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، خەبات وەیسی لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی یەکەمی خۆی، دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزرا. ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕۆحی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٥ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

خەبات وەیسی کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی "گوڵچێر" سەر بە شاری مەریوانە. ناوبراو خوێندکاری زمانی ئینگلیزییە.