حەسەن ئەمینی برای محەممەد ئەمینی، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا

18:40 - 31 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، حەسەن ئەمینی برای محەممەد ئەمینی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا.

حەسەن ئەمینی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٦ مانگ و نیو بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درابوو و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

شەوی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، حەسەن ئەمینی لەگەڵ بنەماڵە مافخوازەکانی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسم لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و گۆڕستانی بۆکان و لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و لە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، محەممەد ئەمینی کوڕی گوڵمحەممەد و خەڵکی گەڕەکی "تەقتەقان"ی سنە لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.