تاران؛ دەسبەسەرکرانی دووبارەی هوشمەند مورادی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

17:43 - 13 جۆزەردان 2724

ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هوشمەند مورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سێ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ هێزە ئەمنییەتییەەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی هوشمەنددا لێیان داوە، جنێویان پێ داوە و بە توندوتیژییەوە لەسەر زەوی ڕایانکێشاوە و بێڕێزییان بە بنەماڵەکەشی کردووە.

هەروەها ماڵەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پشکێندراوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی هووشمەندیشدا گرتووە.

پێشتر ئەم لاوە کوردە دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە.

هوشمەند مورادی لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی کرماشان کرابوو. ناوبراو ماوەی مانگێک لە شوێنێکی نادیاردا دەسبەسەر کرا و ئەشکەنجە درابوو، بە شێوەیەک کە هەموو لەشی تووشی ئیلتهاب، شینبوونەوە و هەوکردن ببوو، هەر بەم هۆیەوە پاش ئازادی بۆ ماوەی دوو مانگ لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریدا بووە.

ناوبراو پێش دەسبەسەرکران لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، لە سنەش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لێی درابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە دۆخ، شوێنی ڕاگیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.