بێسەروشوێنکردنی تەرمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ساڵ بەسەر تیربارانکردنیدا

20:21 - 22 بانەمەڕ 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ساڵ بەسەر بێسەروشوێنکردنی تەرمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراوی خەڵکی شنۆ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمی ناوبراو هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە و بێسەروشوینکرانی تەرمەکەی هەروا بەردەوامە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩، لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ تیرباران کرا. هیدایەت عەبدوڵڵاپوور وەکوو بەندکراوێکی سیاسی بە تایبەت لە ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا وێڕای ئەشکەنجە جۆراوجۆرەکان لە هەموو مافەکانی خۆی لەوانە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە. ناوبراو وەک بەندکراوێکی سزادراو بە لەسێدارەدران جێبەجێکردنی سزاکەی هاوکات لەگەڵ پێشێلکردنی توندی مافەکەی بووە. ناوبراو بە نهێنی و بە بێ مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و تەنانەت بەبێ ئاگاداری پارێزەرەکەی لە سێدارە درا.

هەروەها چەند مانگ پێش لەسێدارەدرانی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو و بنەماڵەکەی هەتا چەند حەفتە پاش لەسێدارەدرانی ئاگایان لە جێبەجێکرانی سزاکەی نەبوو. تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە و بێسەروشوێن کرا.  لەلایەکی ترەوە بنەماڵەکەی بە هۆی کردەوە نامرۆڤانەکانی حکوومەتی ئێران لەژێر ئەشکەنجەیەکی بەردەوامدا بوون.

جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە شێوەی نهێنی و لە ڕێگەی تیربارانکردن پاش چەندین مانگ بێبەریبوون لە چاوپێکەوتن؛

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٩ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و دوو ڕۆژ دواتر واتە٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ جێبەجێ کرا.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور پێش جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ماوەی پێنج مانگ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو و ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان پاش چەند حەفتە لە پێنەدانی زانیاری سەبارەت بە ناوبراو بە بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی تیربارانیان کرد.

تەنانەت پارێزەرەکانی هیدایەت عەبدوڵڵاپووریش ئاگاداری جێبەجێکرانی سزاکەی نەبوون و ناوەندە ئەمنییەتیی و دادوەرییەکانیش پاش بەدواداچوونی باوک و هاوژینی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە پێیان ڕاگەیاندبوون کە لە گۆڕستاندا بە دوای "هیدایەت"دا بگەڕێن.

هەروەها ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتی لە شنۆ لە بەڵگەی کۆچی دوایی ئەم بەندکراوە سیاسییەدا، هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی "بەرکەوتنی شتی تیژ و قورس"، ڕاگەیاندووە و بە وتەی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای ئەم بەندکراوە سیاسییە، سزای لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە شێوەی تیرباران جێبەجێ کراوە.

ڕەوتی دەسبەسەرکران، لێپرسینەوە و دادگاییەکانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور؛

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥دا، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شنۆ دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە درا. ئەم بەندکراوە سیاسییە ٤٩ ڕۆژ پاش "دەرگیریی سپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی قەرەسەقەل سەر بە شاری شنۆ" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی ناوبراو دەسبەسەر کرا.

بەڵگەی یاسایی بۆ بەدواداچوون بە تۆمەتەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٥دا لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆوە دەر کرا و پاش تەواوکردنی "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان" و دەرکرانی بەڵگەی بەدواداچوون، دۆسییەکەی ڕەوانەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور پاش کۆتاییهاتنی هەموو لێپرسینەوەکان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٥دا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

لە کۆتاییدا ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٥ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"دا بە لەسێدارەدران سزا درا و بەپێی دادنامەی دەرکراو، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە داداگادا بەرگریی لە خۆی کرد و ڕایگەیاند: "تۆمەتەکەم قەبووڵ نییە و لە شنۆ لەژێر ئەشکەنجەدا بووم و هەموو شتێکم بە لێپرسەکە وتووە". ئەم سزایە لە ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ١٣٩٥دا لە بەندیخانەی ورمێ بەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

سزای دادگای سەرەتایی ئەم بەندکراوە لە ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٦دا لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی "سەید ئەحمەد تەباتەبایی" و بەشداریی "سەید ساڵح سەجادی" ڕەت کرایەوە و دۆسییەکە بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی لقی هاوشێوەی ئەو دادگایە کرا کە ئەم سزایەی دەرکردووە.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٣٩٦، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکارانی ئەم لقە "حەمزە عەلی ئەحمەدی" و "عەلیڕەزا ئاقازادە" بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووهەمین جار بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە لەسێدارەدران سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ لە بەندیخانە بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

دواتر لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی "سەید ئەحمەد تەباتەبایی" و ڕاوێژکاریی "ئەکبەر فەیز"، لە خەرمانانی ١٣٩٧دا بەپێی ڕای نووسراوی "حوسێن ڕەبانی" دادیاری دیوانی باڵای وڵات وێڕای ڕەتکردنەوەی داواکاری بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە، سزای لەسێدارەدرانی هیدایەت عەبدوڵلاپووریان پشتڕاست کردەوە و دادنامەی لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ پشتڕاست کرایەوە.

کارناسانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی؛ بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بە بێسەروشوینکردنی تەرمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەردەوامن؛

پاش لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد، ١٤ کەس لە کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لەسێدارەدرانی نهێنیی ناوبراویان مەحکووم کرد.

دواتر نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، لە نەمەیەکدا بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بیسەروشوێنکردنی تەرمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوڕی ڕەت کردەوە و ڕەها بەحرەینی، مافناس و لێکۆڵەری لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاروباری ئێراندا، لە کاردانەوە بەم نامەیە لە وتوێژێکدا لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند: ئەم نامەیە پڕاوپڕ لە درۆیە و نیشان دەدات کە بەداخەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵامدەر نین و ئامادە نین هیچ هەنگاوێک بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان و کۆتاییهێنان بە خەم و پەژارەی ئەم بنەماڵەیە هەڵگرن. ئەوان بەگشتی و لە یەک ڕستەدا نکۆڵی لە پرسی بێسەروشوێنکردنی تەرمی هیدایەت دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا بە درێژەدانی نهێنیکاری هەر لەم نامەیەدا، خەریکی درێژەدان بە تاوانی بێسەروشوێنکردنن. لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە هەتا کاتێک کە بەرپرسان شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمەکە ڕوون نەکەنەوە و تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکەنەوە، بەردەوامی بە تاوانی بێسەروشوێنکردنی تەرمەکە دژی ئەم بنەماڵەیە دەدەن و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە بەرپرسیار دەبن. سکاڵایەک کە لەمبارەوە بە گرووپی بێسەروشوێنکراوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە، بە کراوەیی دەمێنیتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە ڕاستییەکان سەبارەت بە شێوەی لەسێدارەدان و بەخاکسپاردنی تەرمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و شوێنی بەخاکسپاردنی ڕوون ببێتەوە.

ئەم لێکۆڵەرە وتی: "خەم و پەژارەیەک کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ئێرانی بە بێسەروشوێنکردنی تەرمەکان و شوێنی بەخاکسپاردمی قوربانییانی لەسێدارەدان بەسەر بنەماڵەکانیاندا دەیسەپێنن، پیشێلکردنی قەدەغەبوونی ئەشکەنجە و باقی کردەوە بێڕەحمانە، نامرۆڤانەکان و سووکایەتیکردنە کە لە ماددەی ٧ی پەیمانی نێونەتەوەیی یاسای مەدەنی و سیاسییدا هاتووە. هاوکات بەرپرسانی ئێرانی بە نهێنیکاری سەبارەت بە شوێنی بەخاکسپاردن، پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و بێبەریکردنی بنەماڵەکان لە دانانی کێلی مەزار یان ڕازاندنەوەی شوێنی ناشتنی ئازیزەکانیان بە گوڵ، وێنە، هێما یان پەیامێک، مافی فەرهەنگیی بنەماڵەکان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسە و بەجێگەیاندنی یاساوڕێساگەلێ کە باوەڕیان پێیەتی پێشێل دەکەن. ئەمە ماددەی ١٥ی پەیمانی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پێشێل دەکات کە ئێرانیش ئەندامیەتی."

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یان  Enforced disappearance لەو جیانیەتانەیە لە بەپێی "کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە هەموو کەسەکان لە بەرنابەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" لە ٢٠ی دێسامبری ٢٠٠٦دا لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا و وەکوو تاوان ناسرا و لە یاسای نێونەتەوەییشدا وەکوو "تاوان دژی مرۆڤایەتی" پێناسەی بۆ کراوە.

یاسای نێونەتەوەیی بە ئاگاداربوون لە ئازاری ئەم چەشنە تاوانە، ئەمەی لە چوارچێوەی تاوان دژی مرۆڤایەتی داناوە چونکە هەروا کە ئاماژەی پێ کرا، ئەم کارە ئەشکەنجەی بەردەوامی بنەماڵەی قوربانییان بە ئەژمار دێت و گریانی هەموو ڕۆژێکی بنەماڵە، منداڵەکان، دایک و باوکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بۆ بێسەروشوێنبوونی تەرمەکەیەتی.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور؛

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور؛ لەدایکبووی ٥ی بەفرانباری ١٣٦٩ بوو. ناوبراو کوڕی ئەبووبەکر و مەرجان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بە ناوەکانی "سیروان و کوردستان" بوو. منداڵەکانی لە کاتی لەسێدارەدرانی باوکیاندا، تەمەنیان ١٢ و ٦ ساڵ بوو.